لە ماوەی ٧ ساڵدا تورکیا ٢٣٤ هاوڵاتی سوری کوشتووە

لانیكەم ٢٠ منداڵ لەلایەن تورکیاوە كوژران و ١٥ی دیكەش برینداربوون، هەروەها شەش كەس كوژراون و شەش كەسی دیكەش برینداربوون، كە لەناوچەكانی خۆیاندا بوون و هەوڵی پەڕینەوەیان لە سنوور نەداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوى هیومان ڕایتس وۆچ لەڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، بەپێی ئەو داتا نافەرمییانەی لەبەردەستن، لە ساڵی٢٠١٥ تا نیسانی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزەكانی سوپای توركیاوە ٢٣٤ هاوڵاتی سوری كوژراون و ٢٣١هاوڵاتی دیكەش بریندار بوون، لانیكەم ٢٠ منداڵ لەلایەن تورکیاوە كوژران و ١٥ی دیكەش برینداربوون، هەروەها شەش كەس كوژراون و شەش كەسی دیكەش برینداربوون، كە لەناوچەكانی خۆیاندا بوون و هەوڵی پەڕینەوەیان لە سنوور نەداوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ١١ی ئازاردا، لە كاتی هەوڵدانی گروپێكی هەشت كەسی سوری بۆ پەڕینەوە بە شێوەیەكی نایاسایی بۆ ناو توركیا، لەلایەن پاسەوانانی سنووری توركیا بە شێوەیەكی دڕندانە ئەشكەنجەیان دراوە.

 

هیو ویلیامسۆن، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست ڕایگەیاند، جەندرمەی توركیا و هێزە چەكدارەكانی بەرپرس لە كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان، بە شێوەیەكی هەمیشەی هێرش دەكەنە سەر سورییەكان و بێ جیاوازی تەقەیان لێدەكەن، لە ساڵانی ڕابردوودا سەدان كەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

 

لەكۆتایشدا دەشڵێت، كوشتنی ئارەزوومەندانە سورییەكان لە هەموویان زەقترە و بەشێكە لە پیلانێكی دڕندەیی لەلایەن پاسەوانانی سنووری توركیاوە بەبێ ئەوەی حكومەت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات، یان لێكۆڵینەوەی لەسەر بكات.