پارێزگار بەڵێنی چادری دا، بەڵام دوای کوژاندنەوەی کامێراکە ڕۆیشت!

یوکسەل چیفتجی، زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکەی هاتای، ئاماژەی بەوەکرد پارێزگار و قایمقام لەبەردەم کامێراکان بەڵێنیان دا چادرێکیان پێ بدەن، بەڵام دوای کوژاندنەوەی کامێراکان، شوێنەکەیان بەجێهێشت و ڕۆیشتن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

هاتای- لە ئەنتاکیا کە بۆنی خۆڵ و تەرم و داروپەردوو تێکەڵ بووە، بێ هاوکاری بەجێهێڵدراوە، هەرچەندە چەند هەفتەیەک بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام هاوڵاتیان بێ چادرن، تەرمەکان لە ژێر داروپەردووی بیناکان ماونەتەوە و گەنجان هاوکاری دەکەن و تەرمەکان دەردەهێندرێن، یوکسەل چیفتجی لە گەڕەکی ئارموتلو کە وێرانترین شوێنی شارەکەیە، دەژی و بووەتە شاهیدی ئەو ڕووداوە، بە تووڕەیییەکی زۆرەوە باسی ژیانی لەناو بۆنی خۆڵ و تەرمدا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، چەند هەفتەیەکە نەیانتوانیوە چادرێک وەربگرن و ٢٠ کەس لەو چادرەدا دەمێننەوە کە بە بەتانی دروستییان کردووە، هەروەها ئەو پارێزگار و قایمقامانەی سەردانیان کردووە بەڵێنەکانیان لەبەردەم کامێراکاندا داوە و جێبەجێیان نەکردووە.

 

"کەس نازانیت بارودۆخی ئیمە لێرە چۆنە"

یوکسەل چیفتجی کە بە خۆی چادری لەبەردەم گەڕەکەکە داناوە و یەکێکە لەو هەزاران کەسەی کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە نەیتوانیوە چادر وەربگرێت ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هاوکارییانەی لەلایەن خەڵکەوە نێردراوە دوای ١٠ ڕۆژ پێیان دراوەو وتی: چیمان لەگەل دەوڵەت کردووە، بۆچی تەرمەکان لەسەر زەوین؟ هیچ کەسێک نازانیت بارودۆخی ئێمە لێرە چۆنە، تەرمەکان هێشتا لەسەر زەویین، بەهۆی بۆنەوە ناتوانین بەناو وێرانەکاندا تێپەڕین، نە نان نە ئاو هیچمان پەێنەدرا، ماوەی چەند هەفتەیەکە، ٢٠ کەس لە شوێنێک دەمێننەوە کە بە بەتانی دروستمان کردووە، تێدایە دوو ڕۆژ لەمەوپێش چادرێکیان بۆ هێناین و کەس نەیدەتوانی لەناویدا جێگیر بێت، من لێرە لەم خۆڵەدا دەژیم.

 

دڵخۆشنیم بەوەی زیندووم، هاواری خەڵک لەبیرناکەم

یوکسەل چیفتجی ئاماژەی بەوەکرد کە ناتوانێت دڵخۆش بێت بە ڕزگاربوونی و هاوارەکانی ئەو شەوەی بوومەلەرزەکە ڕوویدا بۆ ساتێک لەبیری ناچێت و وتی: هاواری ٢٠ کەس لەم بینایەدا دەنگی ئەوان بۆ ساتێک لە گوێم دەرناچێت، من زۆر بە خراپی دەرباز بووم، بەڵام هەرگیز بەوە دڵخۆش نیم. دەزانی بۆچی؟ ئێمە لێرە لە دۆزەخ دەژین هاوژینەکەم و سێ کچەکەم لەم بینایە گیانیان لە دەستدا من هەرگیز هاواریان لەبیرناکەم و کەس ناتوانێت ئەمە لەبیر بکات.

 

"پارێزگار و قایمقام وێنەیان گرت و ڕۆیشتن"

یوکسەل چیفتجی بەم وشانە کاردانەوەی هەبوو لە هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی شارەکە و وتی: گەڕام بەدوای ئەوانەی لەژێر داروپەردوودا بوون بەڵام هیچ زانیارییم دەست نەکەوت، تەنها خۆبەخشەکان یارمەتییان داو بەڵێنی چادری پارێزگارو قایمقام کەلەبردەم کامێرا دایان جێبەجێنەکراوە، دەوڵەت هیچ شتێکی بۆ نەکردین، ئەوان لەبەردەماندا تێدەپەڕن و تەنها وێنە دەگرن.

 

"ئێمە هیچمان لە دەوڵەتەوە نەبینیوە"

یوکسەل چیفتجی ئەوەشیخستەروو کە سەرەڕای هەموو شتێک شارەکە جێناهێڵن و کەس ناتوانێت ئەو لە خاکەکەی دەر بکات و بەم وشانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: هەرگیز یارمەتی نەدراوین و یارمەتی نایەت، ئێمە هیچ شتێکمان لە دەوڵەتەوە نەبینیوە ئێمە خۆمان بە خەڵوز گەرم دەکەینەوە، ئێمە چیمان کردووە بۆچی تەرمەکانمان لەسەر زەوین؟ دوێنی پیاوێک شۆفڵی لێداو چەندین تەرم دەرکەوتن، هەموو تەرمەکان لەژێر بینا ڕووخاوەکاندا ماون،  ئێمە نازانین کێ مردووە چونکە زانیاریمان لە کەسەوە دەست ناکەوێت، من ناڕۆم بۆ ئێرە، دەوڵەت ناتوانێت من لێرە دەربکات، لێرە دەژیم من لەم چادرەدا دەمێنمەوە.