گەمارۆکانی حکومەتی شام لەسەر شەهبا بەردەوامە

فیکرەت عەبدەلۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی فافین لە کانتۆنی شەهبای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەو کارەساتە حکومەتی شام بەردەوامە لە سیاسەتی جینۆساید دژی ئاوارەکانی عەفرین.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا - حکومەتی شام سەرەڕای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات ڕوویدا و خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا، بەڵام تا ئێستا سیاسەتی خۆی ڕانەگرتووە و ڕێگرییەکانی لەسەر کۆچبەرانی نیشتەجێی شەهبا بەردەوامە، ئاستەنگ لەبەردەم هاوکارییە مرۆییەکان دادەنێن و ڕێگەیان پێنادەن بچنە ناوچەکە.

 

ئەوان لە یارمەتییە مرۆییەکان قەدەغە کراون

فیکرەت عەبدەلۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی فافینی کانتۆنی شەهبا، سەرەخۆشی خۆی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەربڕی و وتی: سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ئەو قوربانییانە دەکەین کە لە کارەساتی بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە، لە هەمان کاتدا ئاواتەخوازین بریندارەکان چاکببنەوە، هەزاران ماڵ لەم کارەساتەدا وێران بوون و خەڵک گیانی لەدەستدا، هەر لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە هەموو گەلی کورد بە پرۆسەی جیددیدا تێدەپەڕن، تەنانەت لەو بوومەلەرزەیەشدا کە ڕوویدا هەزاران هاوڵاتی کورد بوونە قوربانی ئەم بوومەلەرزەیە، زیاتر لە هەفتەیەکە لە عەفرینی داگیرکراو کە خەڵکەکە لە ژێر داروپەردوودا بوون و هیچ هاوکارییەکییان بۆ نەنێردراوە، ئەمەش زیانەکانی زیاد کردووە، لەو ناوچەیەدا دەوڵەتی تورک جیاکاری لە نێوان گەلان دەکات و هاوکاری گەلی کورد ناکات بۆ ئەوەی لە ژێر باڵەخانەکان ئازاد بکرێن، هەروەها ڕێگری لەو هاوکارییە دەکات کە ئیدارەی خۆسەر بۆی ناردبوو و ڕێگەیان نەدا ئەم هاوکارییە بگاتە دەستی خەڵک لە کاتی خۆیدا.

 

سیاسەتی حکومەتی شام جیاواز نییە لە سیاسەتی تورکیا

فیکرەت عەبدەلۆ ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتی حکومەتی شام جیاواز نییە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ڕێگە نادات هاوکاری بچێتە ناو کانتۆنی شەهبا، سەدان هەزار پەنابەری عەفرین لە شەهبا نیشتەجێ بوون بەهۆی داگیرکردنی دەوڵەتی تورکیا، شام دەبێتە بەربەستێک لە بەرامبەر ئەو هاوکارییانەی کە دەویسترێت بەگەیەنرێتە شەهبا، لە سەرەتادا ئیدارەی خۆسەر هاوکاری بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی شام دەنارد، بەڵام ئێستا حکومەتی شام ڕێگە نادات ئەو هاوکارییانە بچێتە کانتۆنی شەهبا.

 

خەڵکی حەلەب چوونە شەهبا

فیکرەت عەبدەلۆ ڕایگەیاند کە شاری حەلەبیش بەهۆی ئەم بوومەلەرزەیە زیانی پێگەیشتووە، بۆیە دانیشتوانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بۆ سەلامەتی چوونەتە شەهبا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: شاری حەلەبیش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیە، ٦ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٣ کەسیش بریندار بوون، هەروەها زۆربەی بیناکان وێران و خراپ بوون، زۆربەی خەڵکی حەلەب چوونە کانتۆنی شەهبا بۆ سەلامەتی و مانەوە لە کەمپەکانی ئاوارەکان، لەو کاتەوەی خەڵکەکە ڕوویان لە شەهبا کردووە، هیچ هاوکارییەک بۆیان نێردراوە و حکومەتی شام ڕێگری لەو هاوکارییانە دەکات کە بۆ ناوچەکە دەنێردرێت، لە ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە خەڵکی شەهبا بەهۆی زیانەکانی ماڵەکانیانەوە لە شەقامەکاندا دەژین و لە چادرە بچووکەکانی بەردەم ماڵەکانیان دەمێننەوە و دەخەون"

 

"پێویستە هاوکاری بەخێرایی بگاتە دەست کۆچبەران"

لە کۆتایی قسەکانیدا فیکرەت عەبدەلۆ دووپاتی کردەوە کە حکومەتی شام سەرەڕای کارەساتەکە دەستبەرداری سیاسەتەکانی نەبووە و وتی: ئەو کۆڵی نەدا و لەبری ئەوەی هاوکاری خەڵک بکات، ئەو گەمارۆی شەهبا زیاد دەکات، لە هەمان کاتدا ٣ هەزار خێزان لە حەلەبەوە ڕوویان لە شەهبا کردووە و پێویستە بە زووترین کات یارمەتییان بۆ دابین بکرێت، ژیان لە شەهبا بە دەرفەتی سنووردارەوە بەردەوامە، لەم دۆخەدا ئاستەنگ دەبینین و بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو لایەنەکان و بە تایبەتی بۆ حکومەتی شام ئەوەیە کە ڕێگە بە یارمەتی بدەن و یارمەتی کۆچبەرانی ئەم ناوچەیە بکەن، بۆ ئەوەی پێکەوە ئەم سەختییانە تێپەڕێنن.