تیمەکانی فریاگوزاری دوای ٦ ڕۆژ ڕەوانەی ناوچەی ئارسوزی بازارجیخ کران

دوای ٦ ڕۆژ تیمی فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچەی ئارسوز کران کە ژمارەی دانیشتووانی ١٠٠ هەزار کەسە.

ناوەندی هەواڵ

 

بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات بە گوڕی ٧.٧ و ٧.٥ لە ناوەندی شاری بازارجیخی مەرەشەوە باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند، ناوچەی هاتای، مەڕەش، عوسمانەییە، ئادیامان، ئەلبیستان، دیلۆک و چەندین ناوچەی دیکە زیانی بەرفراوانی بەرکەوت، بەڵام چەندین ناوچە هەن کە ئێشتا هاوکاری و تیمی ڕزگاکردنی بۆ نەنێردراوە.

 

زۆرێک لە ناوچەکانی مەڕەش، بازارجیخ، هاتای و چەندین ناوچەی دیکە تا ئێستا تیمی ڕزگارکردن نەگەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هاوڵاتیان بە توانای خۆیان قوربانییەکان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ڕزگادەکەن.

 

دوای ٦ ڕۆژیش تیمی فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچەی ئارسوز لە بازارجیخ کرا، کە ژمارەی دانیشتووانی ١٠٠ هەزار کەسە، باس لەوەکراوە کە تا ڕۆژی پێنجەم لە ژێر وێرانەکانەوە دەنگی خەڵک دەبیسترا، بەڵام بەهۆی ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری نەگەشتنە شوێنی ڕووداوەکە، ئیتر دەنگەکان نەدەبیستران.

 

جێی ئاماژەیە بۆ ناوچەکە دوای کاردانەوەی هاوڵاتیان تەنها تیمێکی فریاگوزاری ٢٠ کەسی نێردراوە.