پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە "جینۆساید" ناساند
پەرلەمانی ئەڵمانی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانی لەلایەن داعشەوە ناساند و ڕایگەیاند چەتەکانی داعش "بە مەبەستی سڕینەوەی تەواوەتی کۆمەڵگەی ئێزیدی" کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ دوای دانیشتنی پەرلەمانی ئەڵمانیا، بە فەرمی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی ساڵی ٢٠١٤ی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە شەنگال-عێراق بە "جینۆساید" ناسان و داوای کرد ڕێوشوێنی هاوکاریی بۆ ئێزدییەکان بگیرێتەبەر.
پێشنیارەکە لەلایەن سێ گروپ لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار بە سەرکردایەتی چەپی ناوەندی ئەڵمانیا و پەرلەمانتارە ڕاستڕەوەکانی ئەڵمانیاوە پێشکەشکراوە، لە بڕیارنامەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیادا هاتووە، "پەرلەمانی ئەڵمانیا تاوانەکانی دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی بە جینۆساید دەناسێت، دوای هەڵسەنگاندنی یاسایی لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەنگاوەکانی وڵاتانی وەک ئوسترالیا، بەلجیکا و هۆڵەندا.
لە بڕیارنامەکەدا ئیدانەی "دڕندەیی وەسفنەکراو" و "نادادپەروەری ستەمکارانە" دەکات کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجامدەدرێن "بە مەبەستی سڕینەوەی تەواوەتی کۆمەڵگەی ئێزیدی".
لە پێشنیازەکەشدا داوا لە سیستەمی دادوەری ئەڵمانیا کراوە کە دۆسیەی تاوانکاری لە دژی گومانلێکراوەکان لە ئەڵمانیادا زیاتر بەدواداچوونی بۆ بکرێت و حکومەت پاڵپشتی دارایی زیاد بکات بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکان لە عێراق و زیادکردنی بودجە بۆ یارمەتیدانی دووبارە بنیاتنانەوەی پێکهاتە ئێزیدییەکان.
داواشکراوە، کە ئەڵمانیا کاربکار بۆ دەستەبەرکردنی تۆمارێکی مێژوویی و فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ پاراستنی مافەکانی ئەو گروپە کەمینەیە و ناوەندێکی دۆکیۆمێنت بۆ تاوانەکانی دژ بە ئێزیدیان دابمەزرێنێت.
جێی ئاماژەیە لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا، زیاتر لە ٥٠٠٠ ژنی ئێزدی و منداڵ ڕفێندران و لە بازارەکانی سوریا و عێراقدا وەک کۆیلە کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا، هەزاران ئیزدی لە خاکی خۆیان ئاوابوون و بەشێکیان تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.