وەزیری کۆچی عێراق وادەی کۆتاییهاتنی دۆسیەی کۆچبەرانی دیاریکرد

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە لە ماوەی ٦ مانگدا دۆسیەی ئاوارەکان کۆتایی دێت و دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، داوای لە لایەنە سیاسییەکانیش لە دۆسیەکان دووربکەونەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئیڤان فایق جابرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە باڵەخانەی وەزارەت، وادەی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکانی عێراق دیاریکرد و ڕایگەیاند، پێویستە لە ماوەی ٦ مانگدا دۆسیەی ئاوارەکان کۆتایی پێبێت و بگەڕێنەوە بۆ عێراق.

 

 

وەزیری کۆچ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە، "هەماهەنگییەکی بەرز لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمدا هەیە بۆ یەکخستنی کەمپەکان، پێویستە هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان دابین بکرێت"، داواشی لە داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکات لە دۆسیەی ئاوارەکان دوور بکەونەوە.

 

هەروەها دووپاتی کردەوە کە "وەزارەت بەرنامەی گەورەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ فریاگوزاری و پەرەپێدانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی پەیوەست بە دۆسیەی ئاوارەیی لەگەڵ چاککردنەوەی دەروونی ئاوارەکان و تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگە، ئەمە جگە لە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کۆچی نایاسایی، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەیە لەسەر دەرکردنی ناسنامە بۆ ئاوارەکان بۆ ئەوەی بتوانن بە ژیانی خۆیاندا بەردەوام بن".

 

بەپێی زانیارییەکانی ئیڤان فایق جابرۆ، زیاتر لە ٣٠٠ خێزانی ئاوارە لە تورکیادا هەن، ڕەزامەندی پێویست بۆ گەڕانەوەیان بۆ عێراق وەرگیراوە، بەڵام پێویستە پشکنینیان بۆ بکەین.

 

 

لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠٢٠ نزیکەی ٦٠٠ هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان بۆ عێراق، پێشتر یەک ملیۆن و ٦٥٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون کە لە ٦٨ کەمپدا جێگیرکرابوون، بەڵام بەپێی دواین ئامار ٢٨ کامپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون و زیاتر لە ٣٧ هەزار خێزان تێیدا نیشتەجێن.