هەڵەبجە، ڕێژەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕوو لە زیادبوونە
هەرچەندە ئامارێکی دروست لە بەردەستدا نییە ڕێژەی خاوەن پێداویستی تایبەت نیشانبدات، بەڵام بە ڕای مامۆستایانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی منداڵی خاوەن پێداویستی ڕوو لە زیادبوونە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- لە هەرێمی کوردستان ئامارێکی فەرمی دروست لەبەردەستدا نییە کە ڕێژەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت نیشانبدات، ئەمەش وایکردووە کە لێکۆڵینەوەی پزیشکی و ڕێگەچارەسەری بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکان نەگیرێتەبەر، هەندێک لە حاڵەتەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت، زگماکییە و لە سکی دایکەوە تووشی منداڵ دەبێت، هەندێکی دیکەیان لە کاتی لەدایکبوون و دوای ئەوە ڕووبەڕووی منداڵ دەبێتەوە.
ڕەنگین مارف، مامۆستای منداڵانی خاوەن پەروەردەی تایبەتە، لێدوانێکیدا بۆ نوژنها سەرەتا ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هەمووان سەری ڕێز و نەوازش بۆ کەسوکاری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابنەوێنین، چونکە سەرجەمیان کەسانێکی ماندوو و هیلاکن و پێویستیان بە هاوکاری و ڕێزگرتنە.
هەروەها باسی لەوەکرد کە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو و بە تایبەت لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی منداڵی خاوەن پێداویستی زۆر زیادیکردووە، "ناتوانین بڵێین هەموو حاڵەتەکان زگماکن، چونکە بەشێکیان زگماکییە و بەشێکییان لە دوای لەدایکبوونەوە و هۆکارەکەشی بە پێی خێزان و ژینگە و بۆماوەیی دەگۆڕێت.
تەکنەلۆژیا هۆکارە بۆ دروستبوونی ئۆتیزم
ئەو مامۆستایە ئاماژە بەوەش دەکاتم کە نەخۆشی ئۆتیزم ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، وتی: لە ئێستادا پۆلێک نییە نەخۆشێک یان دوو نەخۆشی تیانەبێت، بەشێکی هۆکارەکانی تەکنەلۆژیاوە و بەشێکی دیکەشی دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگەیە کە مەشغوڵن و ناتوانن وەک جاران لە پێداویستییەکانی منداڵان پڕبکەنەوە.
لە هەڵەبجە حکومەت بەرپرسە لەو دۆخەی ئێستا
کوردستان فارس، مامۆستا لە سەنتەری خاوەن پێداویستی تایبەتی هەڵەبجە، باس لەوە دەکات ڕێژەی نەخۆشی ئۆتیزم ڕوو لە زیادبوونە، بەهۆی تەکنەلۆژیا و تەلەفونە زیرەکەکانەوە، هەروەها وتیشیڵ زۆربەی منداڵانی سەروو شەش ساڵ دەبێت بچنە سەنتەری ئۆتیزم و ناوەندەکانی خاوەن پێداویستی، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت نازانێت پێویستە چیان بۆ بکرێت.