بێریتان لە شەنگال یادی کرایەوە

ژنانی شەنگال لە ٣٠یەمین ساڵیادی شەهیدبوونی بێریتان "گوڵناز کاراتاش"، بە سیمینار و دابەشکردنی شیرینی یادیان کردەوە.

شەنگال

 

لە ٣٠یەمین ساڵیادی شەهیدبوونی بێریتان "گوڵناز کاراتاش"، یەکێک لە پێشەنگەکانی تەڤگەری ئازادی ژنانی کورد و دامەزرێنەری سوپای ژنانی کورد، لە شەنگال بە سیمینارێک و دابەشکردنی حەڵوا یادی کرایەوە.

 

ئەندامانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" لە ئەنجومەنی ژنانی سنونێ بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوون بە سیمینارێک یادی شەهید بێریتانیان کردەوە.

 

سەرەتا لە کەسایەتی بێریتان خولەکێک ڕێزگرتن لە ڕۆحی هەموو شەهیدانی شۆڕش کراو پاشان ئەو حەڵوایەی کە بێریتان "گوڵناز کاراتاش" حەزی لێبوو دابەشکرا، هەروەها ژنانی گەنج ل گوندی بۆریک بە دابەشکردنی حەڵواو وێنەی بێریتان، چالاکی یادکردنەوەیان ئەنجامدا.

 

"هەزاران بێریتان هەیە"

ڕیحان دیگۆر، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی ئاماژەی بەوەکرد کە بە هەزاران کەس لە کۆمەڵگەدا بە ڕۆحی بێریتان دەژین و خەبات دەکەن، وتی: "لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا هەزاران بێریتان هەن و پەیڕەوی ڕێبازەکەی دەکەن، هەزاران ژنی ئێزدی خۆیان کوشتووە و بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی دوژمنەوە خۆبەدەستەوەدانیان ڕەت کردەوە، ئەمە ڕۆحی هەڤاڵ بێریتانە، ڕۆحی بەرخۆدانە،  ئێمە تا کۆتایی دەڵێین هەرگیز سەرمان بۆ دوژمن دانانەوێنین تەنها یەک ڕێگای ژیانمان هەیە، ئەوەش ڕێگای بەرخۆدانە کە هەڤاڵ بێریتان پێشکەشی کردووین".

 

"هێڵی بەرخۆدان لەگەڵ ژنانی ئێزدیدا بەردەوامە"

هەدیە حەسەن، ئەندامی تاژێ، وتی: "ئەمڕۆ ئەو بەرخۆدانەی کە ژنانی ئێزدی دەریدەبڕن بەرخۆدانی هەڤاڵ بێریتانە، لە فەرمانەکەدا سەدان ژنی ئێزدی بە ڕێگەی هەڤاڵ بێریتاندا ڕۆیشتن و خۆبەدەستەوەدانیان ڕەتکردەوە و گیانی خۆیان بۆ ئایین و باوەڕی خۆیان کردە قوربانی".