بەناوی ژن، بە قەڵەم و ئازایەتی خوێندکار، بە شەرەفی کرێکارێک...

کۆمەڵگایەک کە ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر بە دەسەڵاتدار، بەبێ گوێدانە تەمەن و ڕەگەز و نەتەوە و چینی کۆمەڵایەتی و هەر جۆرە بیرکردنەوە و ئایین و ڕێوڕەسمێک.

هیما راد

 

سنە- زیاتر لە مانگێکە لە ناو خەڵکەوە و بە سەرکردایەتی و رێنمایی خودی خەڵکەوە شاهیدی بزووتنەوەیەکین، سەرەتای شۆڕشێک کە مانگێک لەمەوبەر لەدایک بووە و لە هەموو ساتێکدا لە گەشەکردندایە و هیوای پەرەسەندنەکەی لە دڵی هەموو ئەندامێکی کۆمەڵگادا زیندووە.

 

دوای کوشتنی ژینا ئەمینی ئەم شۆڕشە لە ژنانەوە دەستی پێکرد و ناو هەموو کۆمەڵگاوە پەرەیسەند، واتە باری قورسی خەبات لەسەر شانی ژنان رۆژانە کەمتر و کەمتر دەبوو، رەهەندەکانی ناڕەزایەتییەکان فراوانتر دەبوون و لە هەر قۆناغێکدا بەشێکی تری کۆمەڵگا دەچووە پاڵ خۆپیشاندەران تا هەموو کۆمەڵگای گرتەوە.

 

بزووتنەوەیەک بۆ ژنان و هیواخوازی بە ئازادی ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پێکهێنرا، دروشمێک کە لە عەبدوڵا ئۆوجەلان ڕێبەری گەلی کورد سەرچاوەی گرتووە، چونکە ئازادی کۆمەڵگا بە ئازادی ژن دەزانێت و ئێستاش لەگەڵ کۆچی دوایی ژینا و لەدایکبوونی ئەم شۆڕشە ژنانەیە کۆمەڵگای ئێرانیش گەیشتووەتە ئاستێکی هۆشیاری بەرز.

 

کە لە کۆمەڵگایەکدا کە ژن سانسۆر دەکرێت، ئیدی هەموو هاوکێشەکان هەڵەن، بۆیە ئەو لە دژی ئەم بیرکردنەوە ڕزیوە کە لە ڕژێمی ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە، خەباتی کردووە و ئەمڕۆش دروشم و بیری " ژن ژیان ئازادی " بەهەموو جیهان بڵاوبووەتەوە.

 

هەندێک لە کارگێڕان خۆیان بەرپرسیار بوون لە دەستگیرکردنی خوێندکاران

دوابەدوای ناڕەزایەتی خەڵکی سەرجەم شارەکانی ئێران، هاوپەیمانییەک لە هەموو ڕێکخراوەکان بە ئامادەبوونی خوێندکاران دروست بوو و تا ئەمڕۆش کە زیاتر لە مانگێک بەسەر ناڕەزایەتییەکان تێدەپەڕێت، ئەم هاوپەیمانێتییە هەموو ساتێک لە فراوانبووندایە.

 

ناڕەزایەتییەکان لە هاتنە سەر شەقامەکانەوە دەستی پێکرد و بە مانگرتنی بازرگانان و مانگرتنی کرێکاران و ناڕەزایەتی خوێندکاران و مامۆستایان و هەر ساتێک کرێکاری دیکەی کۆمپانیا گەورەکانی ئێران زیاد دەکرێن بۆ مانگرتنەکە بەردەوام بوو.

 

لەو نێوەندەدا خوێندکاران لە سەرکوتکردنەکانی توندی ڕژێمی ئێران وەک کوشتن و زیندان بێبەری نەبوون و هەرچەندە ژیانیان لە مەترسیدایە بەڵام ئازایانە بەردەوامن لە وتنەوەی دروشم لە قوتابخانەکان و لابردنی حیجابەکانیان وەک نیشانەی ناڕەزایەتی.

 

لە وتووێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە قوتابیانی لە ئامادەییەکانی شاری سنە زانیمان کە مامۆستایان هەر لەسەرەتاوە بۆ پشتیوانیکردنیان وەستاون و وانەی ئازایەتی و ڕاوەستانیان لە بەرامبەر داواکارییەکانیان فێرکردوون.

 

بەڵام کارگێڕانی بەشێک لە قوتابخانەکان بەهۆی ترسی سەرزەنشتکردن یان دەستگیرکردنیان، ڕێگری لە کۆبوونەوەی خوێندکاران دەکەن وە تەنانەت هەندێک لە کارگێڕان خۆیان بەرپرسیار بوون لە دەستگیرکردنی خوێندکاران.

 

بە وتەی ئەم خوێندکارە، بەڕێوەبەری بەشێک لە قوتابخانەکان بە ئامادەییەکەیانەوە، بە کۆمەڵ دەیاننێرنەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی لە شەقامەکان گردببنەوە و هەوڵ بدەن هەموویان پێکەوە دەستگیربکرێن، بەڵام ئەم شتانە ناڕەزایەتیان ڕاناگرێت و هەموو ڕۆژێک دوای جێهێشتنی قوتابخانە، حیجابەکەیان لادەبەن وەک نیشانەی ناڕەزایی، کەسیش ناتوانێت ئیرادەیان ڕابگرێت.