‌هەڕەشەی کوشتن لە خێزانی ژینا ئەمینی دەکرێت

لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ بەدەستی پۆلیسی ڕەوشتی ئێران و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان، هەڕەشەی کوشتن لە خێزانی ژینا کراوە و ئاگادار کراونەتەوە کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ژینا ئەمینی بووەتە سیمبولی ڕاپەرینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، چیرۆکەکەی ئێستا لە هەموو جیهاندا ناسراوە، بەڵام هەڕەشە لە خێزانەکەی کراوە کە بە هیچ شیوەیەک بەشداری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان نەکەن، بەو هۆیەوە خێزانی ژینا ناتوانن قسە لەگەڵ ڕێکخراو و کەناڵەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی ئێران بکەن.

 

ئەوان لە ژێر ئەشکەنجەی ڕژێمی ئیسلامیدان، بەرپرسانی ڕژێم لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە بە هەژماری ساختە هەڕەشەیان لێ کردوون و بە ئەندامانی خێزانەکانیان لە ئێران ڕاگەیاندووە کە ئەگەر دەستیان لە خۆپیشاندانەکاندا هەبێت لەوانەیە بکوژرێن.

 

خێزانی ژینا ئەمینی دەترسن کە بە ئاشکرا قسە بکەن، لەکاتێکدا ئەوان بەپەرۆشن قسەبکەن و پەیام بڵاوبکەنەوە بۆ ئەوەی بگەنە دنیای دەرەوە، ئەوان دەزانن کە لەبەردەم کامێرا دەربکەون یان ناوەکانیان ئاشکرا ببێت ئەوا مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.

 

ئەم خۆپیشاندانانەی بەهۆی کوژرانی ژینا دەکرێت لە کاتێکدایە کە چەندین ساڵە خەڵکی ئێران لە دژی ڕژێم لە بەرخۆدان و ناڕەزاییدان، بەڵام ئێستا خەڵکەکە ڕاپەڕیون و ژن، کرێکار، مامۆستا، وەرزشکار، هونەرمەندان و سەرجەم توێژەکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕەزاییان لەگەڵ بنەماڵەی ژینا تێکەڵ کردووە.