نەتەوە یەکگرتووەکان: پەروەردە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی

نەتەوە یەکگرتووەکان یادی، ٩ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی پاراستنی پەروەردە لە هێرشەکاندا دەکاتەوە، بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە دۆخی نالەباری ملیۆنان منداڵ کە لە وڵاتانی زیانلێکەوتووی ململانێدا دەژین.

ناوەندی هەواڵ

 

نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیان کردەوە کە پەروەردە مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە و فاکتەری بنەڕەتییە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و گەشەسەندنی بەردەوام، جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی پەروەردە کردەوە.

 

٩ی ئەیلولی هەموو ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانی پاراستنی پەروەردە لە هێرش دیاریکراوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە پێکەوە کاربکەن بۆ دەستەبەرکردنی پەروەردەی سەلامەت بۆ هەمووان، جەختی لەوە کردەوە کە پەروەردە مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە و فاکتەری بنەڕەتییە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام.

 

وتیشی: بەداخەوە ئەم مافە بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر، بەتایبەتی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان کە کێشەیان لەسەرە، زیاتر لە ٩ هەزار خوێندکار و مامۆستا لە ئەنجامی هێرش و پەلامارەکان رفێنراون، یاخود دەستگیرکراون، زۆرینەی قوربانییەکانیش ژن و منداڵ بوون.

 

هۆشداریشیدا لەوەی ئەم هێرشانە ڕێگە لە ملیۆنان کەسی خوێندەوار دەگرن کە دەستیان بە خوێندن بگات و مەترسی توندوتیژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە زیاد دەکات. بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی وەستانی دەستبەجێی ئەم هێرشانە وتی: دەبێت پۆلەکان وەک شوێنی ئارامی و فێربوون بمێننەوە.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس وتیشی: پێویستە ڕێز لەو ئەرکانە بگیرێت کە لە یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییەوە سەرچاوە دەگرن، دەبێت بەردەوام بین لە چاودێریکردنی هێرشەکان و لێکۆڵینەوە بکەین و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکەین.

 

"پێویستە یەکبگرین بۆ پاراستنی پەروەردە"

یاسەمین شەریف، بەڕێوەبەری سندووقی "پەروەردە چاوەڕێ ناکات" داوای یەکگرتنی کرد و وتی: پێویستە یەکبگرین بۆ بەرزڕاگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی جاڕنامەی قوتابخانە سەلامەتەکان. پێویستە یەکبگرین بۆ پاراستنی پەروەردە لەڕێگەی دامەزراندنی ڕێوشوێنی گشتگیری پاراستنی جەستەیی و جێبەجێکردنی چوارچێوەی یاسایی کە مامەڵە لەگەڵ بێ سزای دەکات و ڕێگری لە هێرشی زیاتر دەکات، وەک لە بڕیارنامەی ٢٦٠١ی ​​ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتووە".

 

تیشکیشی خستەسەر کاردانەوە ترسناکەکانی شەڕ لە ئۆکراینا، ئاوارەبوونی زۆرەملێی ملیۆنان کەس، ململانێی چەکداری و توندوتیژی لە وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین و ئاسیا و دەرەوەی وڵات، وتیشی: ئەم هێرشانە بەهۆی زیادبوونی فشارەکانی قەیرانی کەشوهەوا و پەتای کۆڤید-١٩ توندتر بوون.

 

ڕۆژی ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٠ بۆ یەکەمجار ڕۆژی جیهانی پاراستنی پەروەردە لە هێرشەکان بەڕێوەچوو، ئەو ڕۆژە بوو کە بە کۆی دەنگ بڕیاری ٧٤/٢٧٥ لەلایەن دەوڵەتی قەتەرەوە ناسێندرا و ٦٢ وڵات بە هاوبەشی تێیدا بەشداربوون.