لە هەزەخ دایكێك و ٣ كچەكەی كوژران

پیاوێک بە ناوی حەسەن قەرەئەسڵان لە هەزەخ هاوژینەکەی و ٣ کچەکەی کوشت.

شرناخ

 

لە تورکیا توندوتیژی پیاوان بێ وەستان بەردەوامە و بە زۆری تاوانباران ئەوانەن کە لە ژنانەوە نزیکن، لەو وڵاتەی کە هەراسانکردن و ئازاردان و توندوتیژی و کۆمەڵکوژی دژ بە ژنان لە زیادبووندایە، تا ئێستا دەسەڵاتداران ڕێوشوێنی پێویستیان نەگرتووەتەبەر.

 

حەسەن قەرەئەسلان شەوی ڕابردوو لە یەنی مەحەل کە بەشێکە لە ناحیەی هەزەخی سەر بە شرناخ، لەیلا قەرەئەسلانی هاوژینی و سێ کچی بە ناوەکانی دەریای تەمەن ١٧ ساڵ و مەلەک تەمەن ١٦ ساڵ و شەریفەی ١٣ ساڵی کوشت.

 

بە پشت بەستن بە زانیاری خەڵکی دەوروبەر، تیمی پزیشکی و پۆلیس ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران. ئەوەش زانراوە کە بکوژەکە لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە و دایکەکە و ٣ کچەکەی گیانیان لەدەستداوە. بۆ پشکنینی جەستەی تەرمەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی دەوڵەتی لە شرناخ.

 

زانراوە حەسەن قەرەئەسلان لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە، دواتر چووە لای پۆلیس و خۆی ڕادەست کردووە.

 

بڕیارە ئەمڕۆ تەرمەکان بەخاک بسپێردرێن.