ڕاژە گۆران: هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی چەسپاندنی دەسەڵاتی پیاوانە

پارێزەرێک لە منداڵپارێزی کوردستان دەڵێت: پەرلەمانی عێراق بەڵێننامەی مافەکانی منداڵانی پەسەند کردووە، تێپەڕاندنی ئەم یاسایەش دژ بە یەکی مافەکان دەوەستێتەوە لە بەرامبەر ئەو بەرپرسیارێتیانەی لە واژۆکردنی بەڵێننامەکاندا کەوتووەتە سەر شانی عێراق.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هەموواری یاسایی باری کەسێتی عێراقی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی لە پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بە پێی هەمووارەکە، کە بنەماکەی لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگرتووە و لەلایەن شیعەکانەوە پێشنیار کراوە و پاڵپشتی لێدەکرێت، منداڵان ناچار کراون لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە هاوسەرگیری بکەن و لە مافی خوێندن و ژیانکردن بێبەش دەبن.

 

ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە ئاماژە بە زیانەکانی هەموواری یاسای باری کەسێتی عێراقی بۆ سەر منداڵان دەکات، تیایدا جەختیان لەوە کردەوە، "هەموواری یاسایی باری کەسێتی زیان بە ژنان و منداڵان دەگەیەنێت، داواکاران بۆ هەمووارکردنەوەی یاساکان پشتیان بە بنەمان شەرعیەکان بەستووە، یەکێک لە فەقەرەکان ڕێگە بە پیاوان دەدات بۆ هاوسەرگیری مەزهەبەکانیان بگۆڕن، ئەمەش کارئاسانی ئەنجام دەدەن، هەروەها هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا لە ڕێگەی گۆڕینی مەزاهیبەکانەوە زیان بە ژنان و مندااڵان دەگەیەنێت، ڕێگە بە تەواوی یاساکانی فرەژنی و بەشودانی منداڵان لە تەمنی کەمدا و جیابوونەوەی خێزانەکان بە گۆڕینی مەزاهیبەکان دەدات، لە کاتێکدا تەواوی یاساکان پشتگیری و ماف بە پیاوان دەدەن، هەروەها ماف بە پیاوان دەدات لە دەرەوەی دادگاکاندا گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام بدەن".

 

"منداڵان بە هۆی هەموواری یاسای باری کەسێتیەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە"

ڕاژە گۆران حسێن، سەرپەرشتیاری یاسایی لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، باس لەوەدەکات، بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا گرێبەستی هاوسەرگیری پەسەند دەکرێت، بە پێچەوانەوە پێشێلکاری مافی منداڵانی لێدەکەوێتەوە، دەڵێت: هەموواری یاسای باری کەسێتی بڕیار دەدات منداڵان لە تەمەنی نۆ ساڵیدا هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، لە کاتێکدا منداڵان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵی بە پێی یاسای مافی مرۆڤ لە  پەرلەمانی عێراقدا توانای هاوسەرگیری کردنی نی‌یە، لە کاتێکدا منداڵان ئەستەمە بتوانن لەو تەمەنەدا ئەرک و بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری بگرێتە ئەستۆی و ژیانی هاوسەرگیری پێک بهێنێت، ئەنجامدانی ئەم هاوسەرگیرییە مندڵان لە خوێندن و ئاستی هۆشیاری فکری دادەبڕێت، هەروەها پێشێلکردنی مافی منداڵان و ئەشکەنجەدانی جەستەی و دەروونی لێ دەکەوێتەوە، ئەو منداڵانەی لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیریان پێدەکرێت، بەشێکی زۆریان بە زەبری دەروونی و ئالوودەبوونی گۆشەگیران ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

 

هەروەها وتیشی: منداڵ لە کاتی ئەنجامدانی هاوسەرگیری ناتوانێت داکۆکی لە مافەکانی ژیانکردنی بکات، هەروەها زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەناو خێزانەکاندا، لێکەوتەی جۆراوجۆری بۆ سەر کایە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکات، بەهۆی کەمی تەمەنییەوە ناتوانێت بەرپرسیارێتی ژیانی هاوسەرگیری هەڵبگرێت، ئەمانەش دەبنە هۆکاری تێکچوونی خێزانەکان و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری و زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەیە لە دادگاکاندا.

 

"منداڵپارێزی کوردستان بەردەوام هەڵوێست و هۆشیارکردنەوە دەدات بە هاوڵاتیان"

ئەو سەرپەرشتیاری یاساییە ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵپارێزی کوردستان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەوە مەترسی و کاریگەریەکانی هەموواری یاسای باری کەسێتیان بۆ سەر ژیانی منداڵان بڵاوکردووەتەوە، لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاسای باری کەسێتی دژ بە منداڵان، منداڵپارێزی کوردستان هەڵوێستی دەبێت، هەروەها منداڵپارێزی کوردستان ئەو یاسایە بیری پەرلەمانتارانی عێراق دەهێنێتەوە کە عێراق واژۆکارییەتی و مافی هاوسەرگیری دەداتە منداڵانی ١٨ ساڵ بەرەو سەر، ڕاژە گۆرانیش دەڵێت: پەرلەمانی عێراق بەڵێننامەی مافەکانی منداڵانی پەسەند کردووە، لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاساکە، دژ بە یەک دەوەستێتەوە لە بەرامبەر ئەو بەرپرسیارێتیانەی لە بەرامبەر واژۆکردنی بەڵێننامەکانی عێراق واژۆی کردووە، هەروەها هەمووارکردنەوەی یاساکان دژیەک دەوەستێێتەوە بەرامبەر چەند یاسایەکی دیکەی هەموواری یاساکانی باری کەسێتی، چەسپاندنە بەسەر یەک توێژی کۆمەڵگەدا.

 

ئەو پارێزەرە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا، بەشوودانی منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا بە پلەی یەکەم ئەرکی پاراستنی دەکەوێتە ئەستۆی دایکان و باوکان، پاشان پێویستە لە ڕێگەیی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانەوە مامۆستایانی ئاینی، پەروەردە، دکتۆران و کەسانی ئەکادیمی لە بوارە یاسایەکاندا و ڕاگەیاندنەکان ئەرکی بڵاوکردنەوەی یاساکە بگرنە ئەستۆ، وتیشی: ئەرکی پەرلەمانتاران هۆشیارکردنەوە و ڕێگریکردنە لە هەمووارکردنەوەی یاساکە، کاریگەری هەموواری یاسای باری کەسێتی بەهۆی سودمەندبوونی پیاوانی باشووری کوردستانەوە زیان بە منداڵانی باشووری کوردستانیش دەگەیەنێت، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕێگەی بڵاوکراوە و لایەنە پەروەردەییەکانەوە دەبێت هۆشیاری بۆ تەواوی هاوڵاتیان بخەنە ڕوو.