لە ماوەی دوو ڕۆژدا... ئیسرائیل ٢٥ کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە ئەنجام دا

لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگدا، منداڵانی غەززە ڕووبەڕووی دۆخێکی کارەساتباری بەدخۆراکی و لەدەستدانی دەرمان و داڕمانی سیستمی تەندروستی دەبنەوە دوای ئەوەی زۆرێک لە نەخۆشخانەکان لە خزمەتگوزاری وەستاون، ئەمەش کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییە گوازراوەکان

ناوەندەی هەواڵ

 

لە کاتێکدا شەڕی حەماس و ئیسرائیل بۆ سێیەم مانگی لەسەر یەک بەردەوامە، پەتا و نەخۆشییە گوازراوەکان بە شێوەیەکی کارەساتبار لە کەرتی غەززەدا بڵاوبوونەتەوە، هەروەها ترسی کارەساتی مرۆیی هەیە، لەناو کارەساتە مرۆییەکانی کەرتی غەززەدا، زیاتر لە ١.٩ ملیۆن کەس لە ناوەوە ئاوارە بوون و لە چادر و قوتابخانەکاندا دەژین کە جار بە جار ڕووبەڕووی بۆردوومان و گەمارۆدان بوونەتەوە، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەمەکەوە گەیشتووەتە ١٨ هەزارو ٤١٢ کەس، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسیش برینداربوون.

 

ئیسرائیل لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٠٨ کەس و برینداربوونی سەدان کەس، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی کانوونی یەکەم دوو ماڵ لە خان یونس بۆردوومانکران و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١١ کەس و برینداربوونی ٧ کەسی دیکە، لە کاتێکدا پێکدادانەکان هێشتا بەردەوامن لە کامپی پەنابەرانی جەبەلیا و زەیتون، چوونە ناو چەندین ناوچەی کەرتی غەزەزوە.

 

ڕۆژی سێشەممە ئیسرائیل کۆمەڵکوژییەکی لە شاری ڕەفە لە باشووری کەرتی غەززە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٢٥ کەس لەناویاندا ١٠ منداڵ، لە کاتێکدا پرۆسەی گەڕاندنەوەی دەیان کەس لەژێر دارو پەردوو وێرانەکان هێشتا بە توانای سەرەتایی بەردەوامە.

 

هێرشێکی ئیسرائیل خانوویەکی لە نزیک نەخۆشخانەی "ناسر" لە خان یونس کردە ئامانج و بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو کەس، جگە لە چەند ناوچەیەکی ناوەندی کەرتی غەززە و گەڕەکەکانی ئەلتوفە و دەرەج، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی "کەمال ئەدوان" لە باکووری کەرتی غەززە و سێ منداڵ بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین لەناو نەخۆشخانەکە گیانیان لەدەستدا، لە کاتێکدا ١٢ منداڵ لە ژێر چاودێری چڕدان و ٦ منداڵیش لە بەشی منداڵانی نەبەکامدان.

 

نەتەوەیەکگرتووەکان داوای ئاگربەست دەکات

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیدا بە پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیارێک کە تیایدا داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە کەرتی غەززە دەکات لەبەر هۆکاری مرۆیی و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی بە یاسای مرۆییشەوە، بە تایبەتی سەبارەت بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرج بۆ هەموو زیندانییەکان و دڵنیابوون لە دەستگەیشتنی مرۆیی، پڕۆژە بڕیارەکە ١٥٣ دەنگی بەڵێ، ١٠دەنگی دژ و ٢٣ دەنگنەدانی بەدەستهێنا.

 

هەروەها کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە بارودۆخی مرۆیی کەرتی غەززە لە ئەنجامی جەنگدا سنوورەکانی داڕمانی تێپەڕاندووە و داوای ڕێزگرتن لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات.

جەنگ بووەتە هۆکاری پەتاو نەخۆشییە گوازراوەکان

زیاتر ٤٥%ی منداڵانی ئاوارە لە غەززە ڕووبەڕووی ململانێیەک دەبنەوە لەگەڵ گیان لەدەستدان، نەک تەنها بەهۆی بۆردوومان و هێرش، بەڵکو بەهۆی پەتا و نەخۆشییە گوازراوەکانەوە، لەگەڵ داڕمانێکی تەواوی کەرتی تەندروستی.