دەستپێشخەری دژی داگیرکاری و جینۆسایدی ژنان جەخت لەسەر پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکانی ژنان دەکاتەوە

لە یەکەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەستپێشخەری دژی داگیرکاری و جینۆسایدی ژنان جەخت لەسەر پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکانی ژنان دەکاتەوە لە هەرکوێیەکی جیهان بن، چونکە پرسی ژنان یەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی ئەخلاقی لە ئێران و سەرهەڵدانی ڕاپەڕین بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە فراوانتر بوو بۆ هەموو شارەکانی ئێران، دەستپێشخەری دژی داگیرکاری و جینۆسایدی ژنان بۆ ئاسایش و ئاشتی، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەم ڕاپەینەدا ژنان پێشەنگایەتیان کرد و دیارترین ڕۆڵیان هەبوو لە ئاشکراکردنی ڕووخساری ئەو دەسەڵاتە پیاوسالارییە ستەمکار و کۆنەپەرستانەی کە لەژێر عەمامەی ئاییندا خۆیان حەشارداوە، بە بیانووی ئایین و بە بێدەنگی هەژموونی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەکاندا دەسەپێنن، هەرکەسێکیش دژایەتی سیاسەتەکانیان دەکات تۆمەتباریان دەکەن لە هاوکاری لەگەڵ دوژمنان و بەم تۆمەتانە، شەرعیەت بە توندوتیژی و دەستگیرکردن و لەسێدارەدان دژی گەلان و پێکهاتەکان و ئەو ژنانەی کە بێزارن لە گۆشەگیری و نادادپەروەری و ستەمکاری دەدەن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەم ڕاپەڕینە لەلایەن حکومەت و ڕژێمی مەلاکانی ئێستاوە ڕووبەڕووی تومدوتیژی بووەوە، لەبری ئەنجامدانی چاکسازی و گوێگرتن لەداواکارییەکانی خۆپیشاندەران، هێزیان لە دژی کۆمەڵگە و گەلان بەکارهێنا تا هەژموونی خۆیان بپارێزن، جگە لەوەش ئەم دەسەڵاتانە کە لەسەر بنەمای کۆنەپەرستی ئایینی، نەتەوەیی، مەزهەبی و ڕەگەزی دامەزراون، جگە لە شەڕ و ململانێی مەزهەبی و توندڕەوی هێچی دیکەیان بۆ خەڵک نەهێنا و بووەتە هۆی پەراوێزخستنی ژنان و هەڵوەشاندنەوەی کیان و بوونیان".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە، "ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان دەبێ بە پێشکەوتنی ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا بپێورێت، بۆیە ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە داوای ئازادی و دیموکراسی دەکەین، پێویستە پشتیوانی لە بزووتنەوەی دیموکراسی جەماوەری بکەین، بەتایبەتی پشتیوانی ڕاپەڕینەکانی ژنانین لە هەر شوێنێک بێت، چونکە پرسەکانمان وەک یەکن، جگە لەوەش گەیشتن بە هەر دەستکەوتێک لە خەباتی ژناندا دەستکەوت و میراتێکە بۆ هەموو ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا.

 

لە ڕێگەی ئەو ڕاگەیەندراوەوە، دەستپێشخەرییەکە داوای لە سەرجەم ڕێکخراوە ئازادەکانی ژنان کردووە، لە پاڵ شۆڕشی ژنان و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوەستن، چونکە تا ئێستاش ڕۆژانە پێشێلکاری و لەسێدارەدان هەیە، کە بە شێوەیەکی تەواو نهێنی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز ئەنجام دەدرێت، بەبێ دەستێوەردانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی بیانوەستێنن لە سزا ڕزگاریان بێت، چونکە بوونەتە هۆی کوشتنی سەدان کەس و دەستگیرکردنی هەزاران کەس و پێشێلکارییان بەرامبەر گەلان و مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە لە شوێنی خۆیان نەوەستن سەبارەت بە لەسێدارەدان و تاوان و ئەو سیاسەتانەی کە دژی کۆمەڵگە بەڕێوە دەچێت.