بەرنامەی خۆراکی جیهانی ناتوانێت ڕووبەڕووی برسێتی جیهانی ببێتەوە
بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کەمکردنەوەی بودجە ناچاری کردوون بەشەخۆراکی هاوکاری زۆر کەم بکەنەوە، هۆشداریدا کە بەوهۆیەوە، لەوانەیە ملیۆنان کەس مەترسی ئەوەیان لەسەربێت کە بگەنە لێواری برسێتی.
ناوەندی هەواڵ
بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوێنێ، ١١ی ئەیلوول لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کەمکردنەوەی بودجە ناچاری کردوون بەشەخۆراکی هاوکاری زۆر کەم بکەنەوە، هۆشداریدا کە بەوهۆیەوە، لەوانەیە ملیۆنان کەس مەترسی ئەوەیان لەسەربێت کە بگەنە لێواری برسێتی.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، کە دەبێت کەمکردنەوەی بەشەخۆراکییەکان لە هەندێک ناوچە ئەنجام بدرێت، "لە ماوەی ١٢ مانگی داهاتوودا ٢٤ ملیۆن کەسی دیکە دەگەنە برسێتی فریاگوزاری، ئەمەش بە بەراورد بە ئاستی ئێستا بە ڕێژەی ٪٥٠ زیادی کردووە".
لە کۆتایی مانگی تەمموزی ڕابردوودا، عەبیر عەتیفە، وتەبێژی ڕاگەیاندنی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو قەیرانانەی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕوودەدەن، بەرنامەی خۆراکی جیهانی ناچاربووە هاوکارییە مرۆییەکانی کەم بکاتەوە، وتیشی: بەرنامەی خۆراکی جیهانی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە سووریا و ٢٠٠ هەزار کەس لە فەلەستین کەمکردووەتەوە، هەروەها نزیکەی ١٢٠ هەزار پەنابەر لە کەمپەکانی ئوردن ئاگادار کراونەوە کە هاوکارییە تایبەتەکانیان بە نزیکەی یەک لەسەر سێ کەمکراوەتەوە.
جێی ئاماژەیە، کاریگەری ئابووری ئەو وڵاتانەی هاوکاری دەکەن، کاریگەری پەتای کۆرۆنا، قەیرانی ئابووری بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، هەڵئاوسان کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی هاوکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی هەیە.
لە ئێستاشدا بەرنامەکە زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی بەگشتی بۆ سەرجەم کارەکانی لە سەرانسەری جیهاندا کەمی کردووە.