خەڵاتی ڕێز دەدرێتە نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی

یانەی نیشتمانیی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکا خەڵاتی ڕێز دەداتە نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی، ڕۆژنامەنووسانی ئێران کە ئێستا لە زیندانن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئایلین ئورێلی، سکرتێری یانەی نیشتمانیی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە ئێران ئەمساڵ سەختترین کاتەکانی تێپەڕاند، نزیکەی ٩٠ ڕۆژنامەنووس لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون.

 

ناوی براوەکانی ئەمساڵی خەڵاتی "ئازادیی یانەی نیشتمانیی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکا" ئاشکرا کران و نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی، کە هەوڵی تۆمارکردن و گێڕانەوەی چیرۆکی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندەران و بەتایبەت ژنانیان داوە، براوەی خەڵاتەکەن.

 

ئایلین ئورێلی ئاشکرای کرد، نیلوفەر توانی وێنەی دایک و باوکی ژینا تۆمار بکات لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ نەخۆشخانە و لە باوەش گرتنی ڕۆڵەکەیان، کە ئەو وێنانە زۆر بە خێرایی بڵاوبوونەوە و تەنیا چەند رۆژێک دواتر نیلوفەرحامیدی دەستبەسەرکرا و ئیلاهە محەمەدیش بەهۆی ڕوماڵکردنی پرسەی ژینا لە شاری سەقز و خۆپیشاندانەکان دەستبەسەر کرا.

 

هەروەها ئاماژە بە دادگاییکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە کرا، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێوەچوو، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە هەفتەی ڕابردوودا هەردوو ڕۆژنامەنووسەکە لە پشت دەرگا داخراوەکان لە تاران برانە بەردەم دادگا و تائێستاش لە زینداندان و چاوەڕێی ڕاگەیاندنی بریاری دادگا دەکەن و دەکرێت سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەربچێت، ئێمە لەم بارەوە زۆر نیگەرانین.