کەنەکە: به‌ دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ڕێگای ئاینده‌ی خۆیان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن

کۆمسیۆنی ژنانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان-کەنەکە بۆ ٨ی ئادار پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، خوشكانمان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌لوچستان و ئێران به‌ دروشمی ژن ژیان ئازادی، ڕێگای ئاینده‌ی خۆیان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان کۆمسیۆنی ژنانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان-کەنەکە، لە پەیامێکیدا کە ئەمڕۆ ٤ئ ئادار بڵاویکردەوە، وێڕای پیرۆزبایی، باسی دۆخی ژنانی کورد و ناوچەکەی کردووە و ئاماژەی بەوەدا، دروشمی "ژن ژیان ئازادی" وه‌ك به‌رهه‌می ڕه‌نج وبه‌رخۆدانی هه‌زاران ژنی شه‌هیدی شۆڕشی كوردستان بۆته‌ ماڵی هه‌موو گه‌لانی جیهان.

 

پەیامەکە کە بە " ژن ژیان ئازادی: له‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ جیهان" دەستیپێکردووە، تێیدا هاتووە:

"دۆخی ئه‌مڕۆ زۆر له‌ دۆخی قۆناغی ڕاگه‌یاندنی ٨ی ئاداری ١٩١٠ ده‌چێت، كه‌ وه‌كو ئێستا له‌و كاته‌دا ئاماده‌كاری بۆ شه‌ڕێكی سه‌خت ده‌كرا له‌ هه‌مان كاتدا له‌ لایه‌ن ژنه‌ شۆرشگێر كلارا زه‌تكین ٨ی ئادار وه‌كو ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕه‌نجده‌ر ڕا‌گه‌یەندرا، كلارا زه‌تكین باوه‌ڕی وابوو كه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تی به‌رخۆدانی ژنان له‌ دژی میتینگه‌ری سه‌رمایه‌داری یه‌كسانی به‌های كار له‌ نێوان ژن و پیاو پێكدێت، به‌داخه‌وه‌ له‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆمان ئاشكرا ده‌بێت كه‌ خه‌ونه‌كانی كلارا زه‌تكین و به‌ هه‌زاران  ژنی شۆڕگێڕی دیكه‌ وه‌كو ده‌خواسترا به‌ دی نه‌هات.

 

چوار ساڵ له‌ دوای ڕاگه‌یاندنی ٨ی ئادار واته‌ له‌ ساڵی ١٩١٤ شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م هه‌ڵگیرسا و به‌ ملیونان كه‌س كوژران ووڵاتان وێران كران و هه‌ره‌ زیاد ژنان دوو به‌رامبه‌ر سه‌ركوت كران، ئیدی دەوڵەتە باڵادەستەکان هەمووانیان ناچار کرد بەناوی نەتەوەییەوە شەڕ بکەن، له‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆمان دا جیهان وه‌كو ساڵانی نێوان ١٩١٠ و ١٩١٤ به‌ره‌و دۆخێكی سه‌خت وترسناك ده‌ڕوات، به‌ تایبه‌تی له‌ دوای شه‌ڕی ئۆكرانیا كه‌ له‌  نێوان ناتۆ و روسیا به‌رێوه‌ده‌چێت، ڕكابه‌ریه‌كانی نێوان وڵاته‌كان خێراتر و به‌رفراونتر ده‌بن، ژیانی مرۆڤه‌كان و سروشت له‌ ژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە.

 

شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م كۆتایی هاتن به‌ڵام میراته‌كان وكاردانه‌وه‌ی ئه‌م شه‌ڕانه‌ هەرگیز لەسەر کوردستان نەوەستاوه‌، هەم شەڕی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەم وڵاتانی داگیرکەری وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا له‌ سه‌ر كوردستان به‌رده‌وامی هه‌یه، سه‌د ساڵه‌ جینۆساید، تاڵان، كۆچپێكردن،  به‌سه‌ر ئێمه‌ی كورد سه‌پێنراوه‌، به‌ مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی ڕه‌گ و ڕیشه‌ی كورد، سیاسه‌تێكی تایبه‌ت له‌ سه‌ر ژنانی كورد سه‌پێنرا، به‌ هێرش و ئه‌شكه‌نجه‌ی سه‌ركوتكه‌رانه‌ ژنانی كوردیان كرده‌ ئامانج، داگیر‌كه‌ران ده‌زانن كه‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ناسنامه‌ی كوردایه‌تی له‌ زمان و كولتوور ونه‌ریتی ژیانه‌وه‌ له‌ ژنانی كورد دایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگەی كوردییدا به‌ هۆی كۆنه‌په‌ره‌ستی پیاوانی سه‌رده‌ست هه‌بوونی ژنان وه‌كو مرۆڤیش نابیندرێن و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ژیانی ژنان له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌  به‌ درێژایی سه‌ده‌یه‌ك به‌رخۆدانی له‌ كوردستان قه‌ت ڕانه‌وه‌ستاوه‌.

 

له‌ ماوه‌ی ٤٠ ساڵدا له‌ كورستان دۆخێكی گوڕینی بنه‌ڕه‌تی هاتووەته‌ ئاراوه‌، له‌ ناو ٣٠ ساڵدا به‌رخۆدانێكی بێوێنه‌ی ژنانی كورد به‌رپا بوو ، ئه‌م شۆڕشه‌ هه‌م له‌ سه‌ركه‌وتنی به‌رخۆدانه‌كان و هه‌میش له‌ شكسته‌كانی ڕووداوو وسه‌رهه‌ڵدانه‌كانی پێش خۆی ده‌رسێكی زۆری وه‌رگرت، و به‌رده‌وام بوو له‌ به‌دیهێنانی خه‌ون وخه‌یاڵی هه‌زاران شه‌هیدی ژن و پیاوی كوردستان.

 

ئه‌م هێزه‌ گه‌وره‌ و مۆدێرنه گه‌لی‌ كورد و به‌تایبه‌تی ژنانی كوردی گه‌یانده‌ گوڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی، به‌رهه‌می سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هێزه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعش به‌ پێشه‌نگایه‌تی یه‌په‌ژه‌ و یه‌په‌گه‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان له‌ ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤  وله‌ باشوری كوردستانیش به‌ تایبه‌تی به‌رخۆدان له‌ ئێزدیخان، هیوای به‌ كورد و جیهانی به‌خشی.

 

یەکەمجارە لە مێژوودا کوردا وەکو هێزێکی ئومێد و خۆشەویستی بچێتە ناو ئەجێندای جیهانییەوە، ئەمڕۆش هیوای شۆڕشی ژنانی کورد بەردەوامە، بەتایبەتی ئەو ڕاستییەی ژنانی ئێزیدی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەو ژنانەی پێشتر کۆیلە بوون، ئەمڕۆ هێزی پاراستنی خۆیان هەیە، دەنگیان بەرزە بەرامبەر داگیرکەران، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش سه‌رباری به‌رده‌وام بوونی هێرشه‌كانی دەوڵەتی تورکیا، شۆڕش بە پێشه‌نگایه‌تی ژنان فراوانترو گەورەتر دەبێت، لە باکوری کوردستان هەرچەندە ڕژێمی داگیرکەر و فاشیستی دەوڵەتی تورک ڕێگە بە هیچ جوڵەیەک نادات، بەڵام بەرخۆدان بەبێ پچڕان بەردەوامە، ژنانی کورد بە شانازییەوە بەرەنگاری دیکتاتۆر ئەردۆغان دەبنەوە، لە باشووری کوردستانیش وەک گۆڕەپانی یاریکردن بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی و داگیرکەرانی ناوچەیی وەک تورکیا و ئێران، کۆمەڵگەی کورد و بەتایبەت ژنانی کورد لە ناو لێگه‌ڕینی نوێدایە، ژنانی باشووری کوردستان ئێستا خوازیاری نوێ بوونن لە ژیاندا.

 

ئەو شوێنەی شۆڕشی ژنانی کورد دەوڵەتی داگیرکەری هه‌ژاند، ئێران بوو، گەلی کورد و ژنانی كورد به‌ خاوەنداری کردن له‌ كچی كورد ژینا ئه‌مینی له‌ سه‌رهه‌ڵدانی بێ وه‌ستان دان و ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌له‌رزێنن، خوشكانمان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌لوچستان و ئێران به‌ دروشمی ژن ژیان ئازادی ڕێگای ئاینده‌ی خۆیان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، ژن ژیان ئازادی وه‌كو به‌رهه‌می ره‌نج وبه‌رخۆدانی هه‌زاران ژنی شه‌هیدی شۆرشی كوردستان ئیدی بۆته‌ ماڵی هه‌موو گه‌لانی ئێران وجیهان.

 

دوای ١١٣ ساڵ لە ڕاگەیاندنی ٨ی ئادار هەزاران شەهیدمان هەیە لەو پڕۆسەیە‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن کلارا زه‌تکینه‌وه‌ بۆ ژنان ده‌ستیپێكرد، ژنی كورد به‌ شۆڕشی كوردی په‌ره‌ی پێدا و ئه‌مڕۆش له‌ قۆناغی شه‌ڕی جیهانی سێیه‌مدا به‌رهه‌مه‌كانی خۆی ده‌گه‌ڕێنته‌وه‌ بۆ جیهان، له‌ سه‌ر خاكی كوردستان ئه‌ڵته‌رناتیفی ژنانی كورد له‌ به‌رامبەر شه‌ڕی جیهانی سێیه‌مدا چاره‌نووسازه‌، ئیدی كوردستان به‌ هێزی ژنانی كورد و به‌هاكانیان ده‌بنه‌ هاوكار بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ جیهانییه‌كان.

 

له‌م ڕۆژه‌دا به‌ ڕێزو نەوازشه‌وه‌ یادی ژنه‌ شۆڕشگێر كلارا زه‌تكین و هه‌مو شه‌هیدانی شۆڕشی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ داهاتوویه‌كی ئازاد هه‌موو ڕۆژه‌كانتان به‌ ژن ژیان ئازادی، گه‌شاوه‌ و به‌خته‌وه‌ر بن".