دەبێت ژنان پێشەنگایەتی بکەن"
لە شارۆچکەی قەڵادزێ سیمینارێک بەبۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان ڕێکخرا و تیایدا ڕۆڵ و پێشەنگایەتی ژنان خرایەڕوو، ژنانیش دەڵێن: ژن بە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەیەکی ئازادی بنیاد دەنێت.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- لە ماڵی کەلەپوری و ڕۆشنبیری پشدەر لە شارۆچکەی قەڵادزێ لە دەڤەری پشدەر، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان سیمینارێکیان لە بارەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان بۆ ژنانی ناوچەکە پێشکەشکرد،
سیمینارەکە لەلایەن شادی سەمەد، ئەندامی تەڤگەری ئازادی پێشکەشکرا، باس لە خەبات و تێکۆشانی ژنان کرا و وتی: ژنان بە درێژایی مێژوو پێشەنگ بوون لە سەرجەم شۆڕش و تێکۆشانی گەلەکەماندا، بەرامبەر دوژمنان و داگیرکاران ھەرگیز تەسلیم نەبوون، داواکارم کە ژنان یەکگرتوو بن و زیاتر خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و ئازا و ئازادانە ڕووبەڕووی سەرجەم توندوتیژی ستەمەکان ببنەوە، بەردەوام بن لە کار و چالاکیەکانیان و خەبات و تێکۆشان.
کوردستان هەڵۆ، بەشداربووی سیمینارەکە پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە ژنان کرد و هیوای خواست کە ژنان زیاتر بەرەوپێش بچن و بەرەو سەرکەوتن هەنگاو بنێن، وتیشی" ژنان بە تێکۆشان کۆمەڵگەیەکی ئازاد بەدیدێنن، هیوادارم ژنان پارێزگاری خۆیان و ژیان و مافەکانیان بکەن، بێدەنگ نەبن، چەند ساڵە کە توندوتیژی بە سەر ژناندا دەکرێت، ئەو توندوتیژییە بە هیچ شێوازێک قبوڵ نەکەن، ئێمە وەکو ژنان لە شۆڕش و خەباتی خۆمان بەردەوام دەبین تا سەرکەوتن.
ئەدیبە علی، بەشداربووی سیمینارەکە پیرۆزبایی ٨ی ئاداری کرد و بە گرنگەوە لە پێشکەشکردنی سیمینارەکەی ڕوانی و وتی: هیوادارم هەموو ساڵێک پێشەنگ بن و سیمینار بکەن، بۆ ئەوەی ژنان پێشەنگ بن و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بگۆڕێت و ژیان بەرەوپێش بچێت، ئێستا دۆخی ژنان بەرەودواوە دەچێت، حزبی دەسەڵات هۆکارن لەوەی ئەگەر ژنان بچەوسێنەوە، ژنان دەبێت پێشەنگ و سەرکەوتوو بن، ژنان لە هەموو بوارێکدا پێشەنگایەتی دەکەن و سەرکەوتوو دەبن، بۆ نموونە شەڕڤانانی ژن لە بەرەکانی چەنگ و لە قەندیل.
سیمینارەکە بە گفتوگۆ و پێشکەشکردنی گوڵ کۆتایی پێهات.