عەفرین، سەرەڕای گۆڕینی دیمۆگرافیا بۆ دروستکردنی ئۆردوگا سەدان دار بڕاونەتەوە
دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، شارەکە بەرەو وێرانکردن برا، چەتەکان هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دەدەن و ژینگەکەی لەناودەبەن، بۆ دروستکردنی ئۆردوگاش سەدان دار دەبڕدرێنەوە.
ناوەندی هەواڵ
کانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ٢٠ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ ڕووبەڕووی هێرشی سوپای داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانی بووەوە، دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانی گەل لە شارەکەدا، بەهۆی پشتلێکردنی جیهان لە دەنگی گەلەکەی، لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨دا داگیرکرا و بە سیستماتیک سیاسەتی کۆمەڵکوژی، خۆکوشتن، گۆڕینی دیمۆگرافیا و کۆچبەرکردنی خەڵکەکەی، بە تورک کردن و قەڵاچۆ پێکردنی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانی شارەکە بەڕێوەبرا و ٥ ساڵە بەردەوامە.
سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بە قوڵی لەسەر عەفرین بەڕێوەدەچێت، لە شارەکەدا کە لانکەی پێکەوە ژیانی کورد، عەرەب، ئێزدی، ئاشوری و نەتەوە جیاوازەکانە، پاش داگیرکاری زیاتر لە ٣٥٠ هەزار هاوڵاتی شارەکە قەڵاچۆ پێکراون، ٢٢ گەڕەکی زیادەڕۆ دروستکراوە و زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسی تورکمان و عەرەبی فەلەستینیان هاوردە کردووە و نیشتەجێیان کردوون، هەروەها ٦٦٣ کەس کە ٩٦ کەسیان ژنە لەژێر ئەشکەنجەی چەتەکاندا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە هەشت هەزار و ٦٤٤ کەسیش ڕفێنراون.
لەناوبردنی ژینگەی عەفرین تا ئیستا بەردەوامە
لە ماوەی پێنج ساڵدا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، سروشت و ژینگەی عەفرینیان بەرەو لەناوبردن بردووە و زیاتر لە ٣٦٧ هەزار داریان بڕیوەتەوە، هەروەها زیاتر لە ١٣ هەزار و ٥٠٠ دار و زیاتر لە ١٢ هەزار هێکتار ڕەز و باخ و دارستانیان سووتاندووە.
لە نوێترین هەوڵدا، چەتەکانی جەیش ئەلشەرقیە ٢٠٠ داری زەیتونیان لە گوندی فریری شارۆچکەی جندرێس لە کانتۆنی عەفرین، بە مەبەستی دروستکردنی ئۆردوگا و نیشتەجێکردنی هاوڵاتییەکانی خۆیان بڕیوەتەوە، جگە لەوەش چەتەکان ٣٠٠ داری زەیتونی گوندی سدیگانکی جندرێسیان بڕیوەتەوە، کە سەر بە یەکێتی جووتیاران بوو.