١٥ ئەندامی خێزانێک بە مەراسیم بەخاک سپێردران، زۆربەیان ژن و منداڵن

لە مەراسێمێکدا بە بەشداری هەزاران هاوڵاتی و کەسایەتی شاری سلێمانی و کەسوکاری قوربانییەکان، تەرمی ١٥ ئەندامی خێزانێک، لە تەقینەوەی غازدا لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی گیانیان لەدەستدا، بەخاکسپێردران.

سلێمانی

 

شەوی ١٧ی تشرینی دووەم، لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی تەقینەوەی تانکییەکی غاز-LPGی  لە ماڵێکدا بووە هۆی ڕووخانی خانوویەکی سێ نهۆمی و ٢٨ قوربانی لێکەوتەوە.

 

دوای ١٧ کاتژمێر لە گەڕان و پشکنین بەناو پاشماوەی داروپەردووی خانووەکەدا دەرکەوت ١٥ کەس گیانلەدەستداوە و ١٣ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ئەندامی خێزانێکن و زۆربەی قوربانییەکان ژن و منداڵن.

 

 سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە مەراسێمێکی بە شکۆدا و بە بەشداری هەزاران هاوڵاتی، کەسایەتییە دیارەکانی شاری سلێمانی، کەسوکاری قوربانییەکان و توێژە جیاوازەکان، تەرمی ١٤ لە قوربانیانی تەقینەوەکە لە گۆڕستانی كەڵەكن بەخاکسپێردران و تەرمی قوربانییەکی دیکەش کە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو گەڕێندرایەوە بۆ زێدی خۆی لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

لە زۆربەی گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری سلێمانی خەڵک بۆ ماڵئاوایی لە تەرمی قوربانیان ھاتنە سەر شەقامەکان و هاوخەمی خۆیان نیشاندا، لەسەر داوای کەسوکاری قوربانییەکان تەرمەکان سەرجەمیان پێکەوە لە گۆڕستانی کەڵەکن بە درێژای گۆڕستانەکە بە خاک سپێردرا، کە زۆربەی قوربانییەکانی ئەندامانی خێزانەکە پێکهاتبوون لە دایک و منداڵەکان.

 

خەڵکی شاری سلێمانی بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە بە ئامادەبوونیان هاوخەمی خۆیان نیشاندا بۆ ئەو کارەساتە پڕ ئازارەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٥ کەس.