گوڵستان کلچ کۆچیگیت: هێزێک بەشداری سوپا دەبێت هێزێکیش ئاسایش دابین دەکات
گوڵستان کلچ کۆچیگیت، سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە ئەنتێگراسیۆنی قەسەدە گوتبووی، "هێزێک بەشداری سوپای ناوەندی دەبێت، هێزەکەی دیکەش هەرێمەکە دەپارێزێت".
ناوەندی هەواڵ
ئەندامی کۆمیسیۆنی پەرلەمان کە لە ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆبووەوە و گوڵستان کلچ کۆچیگیت، سەرۆک فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی پرسی سووریای هەڵسەنگاندووە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکانی پەرلەماندا نەخراوەتەڕوو. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) فۆرمەلەیەکی پێشکەشکردووە.
گوڵستان کلیچ کۆچیگیت لەگەڵ جانسو چەملیبێلی لە T24 قسەی کرد و ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ هۆشداری دا ئەگەر لە سووریا دیموکراتیزەبوون بەدی نەیەت، ئیدارەی ڕاگوزەری ئەحمەد شەرع دەتوانێت بگۆڕدرێت بۆ دیکتاتۆرێک.
لە بەردەوامی قسەکانییدا گوڵستان کلیچ کۆچیگیت ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە قەسەدە فۆرمەلەیەکی پێشکەشکردووە و گوتی: "دەڵێت، دەتوانرێت هێزی سەربازی ئەنتێگراسیۆنی سوپا بکرێت، جگە لەوەش هەرێمەکە دەتوانێت هێزی ئاسایشی خۆیشی هەبێت. کاتێک باسی ئەم بابەتەی دەکرد، وتی 'من باوەڕم وایە لە تورکیا پشکنەر هەیە'. مەبەستی ئەوە بوو کە 'هێزێک بەشداری سوپای ناوەندی دەبێت، هێزەکەی دیکە هەرێمەکە دەپارێزێت، ئاسایش دابین دەکات.
گوڵستان کیلچ کۆچیگیت جەختی لەوە کردەوە کە ڕێبەر ئاپۆ نەیگوتووە یەپەگە بێ مەرج دەستبەرداری چەک بێت و وەک پەکەکە کۆتایی بەوکارانە بهێنێت کە بەناویەوە دەکرێن، ڕایگەیاند، ئەو جۆرە بانگەشانە ڕاست نین.
'ئەگەر دیموکراتیزەبوون نەبێت، شەرع دەبێتە دیکتاتۆر'
لە درێژەی قسەکانییدا کۆچیگیت ئاماژەی بەوەدا، ڕێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندنی لەسەر بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا کردووە و گوتی کە ڕێبەر ئاپۆ ووتەیەتی: "بووە بە خانەدانێکی بنەماڵەیی. دەبینین سووریا بووە بە ئازارترین و بریندارترین جوگرافیای هەرێمەکە. تەنانەت ئەمڕۆش دەڵێن شەرع گۆڕاوە. ئەگەر بەڕاستی گۆڕاوە، ئەوا دەبێت دیموکراتیزەکردن بەدی بێت، بەڵام ئەگەر دیموکراتیزەکردن نەبێت، شەرعیش دەگۆڕێت بۆ دیکتاتۆرێک. لە دۆخێکی وادا دەزانین چی ڕوودەدات.
وتیشی: "مەبەستی بەڕێز ئۆجالان سیستەمێکی دیموکراتیکە کە هەموو گەلانی سووریا بە ناسنامەی خۆیانەوە بەشداری بن. بە شێوەیەکی ئاشکرا گوتی، ئەگەر ئەمە نەبێت چی دەبێت؛ دیکتاتۆری. واتە ئیدارەیەکی دیکەی ئەسەد بە ناوێکی نوێ، بە فۆرمەلەیەکی نوێ. هەڵسەنگاندنەکانی بەڕێز ئۆجالان هەم بۆ تورکیا هەم بۆ سووریا و گەلی کورد هەمیشە لەسەر بنەمای دیموکراتیزەبوونە. کاتێک دەیگوت 'کۆماری دیموکراتیک' بەمجۆرە بوو، کاتێک باسی یەکێتی کۆمۆنە دیموکراتیکەکانی دەکرد، لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرد. واتە دیموکراسی بۆچوونی بنچینەیی ئەوە، نەبێت نابێت. هەربۆیە ئەگەر سیستەمی سووریا بگۆڕێت بۆ دیکتاتۆرییەت، بێگومان هێزی کورد نابن بە بەشێک لەم دیکتاتۆرییەتە.
لە وەڵامی پرسیاری "نەخشەڕێی ئۆجالان بۆ سووریا چییە؟ چی تێگەشتن"؟ گوڵستان کلچ کۆچیگیت گوتی: "دەتوانم بە ڕوونی بیڵێم؛ سووریایەکی دیموکراتیک. ئەوکات لێرە کێشەی سەربازی درووست نابێت. بە واتایەکی تر پرسی 'یەپەگە ئەنتێگراسیۆنی سوپا ببێت، یان دەبێتە ئاسایش' دەبێتە ڕۆژەڤی دووەم، سێیەم، چوارەم. چونکە یەکێتییەکی دیموکراتیک بەدی هاتبێت. لە فکر و مێشکی خۆییدا سیستەمێکی دیموکراتیکی بنیات ناوە و ئەمە بۆ هەموو ئەو جوگرافیایانە پێشنیار دەکات کە کورد تێیدایە. بۆ تورکیا، سووریا، عێراقیش دەبێت".
'داوای لێ کردین تاوەکو بگەڕێینەوە بۆ کرۆکی بابەتەکە'
گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕایگەیاند کە دیدگای ڕێبەر ئاپۆ زۆر ڕوون و ئاشکرایە و گوتی، "دیدگای ڕێبەر ئاپۆ لێرەدا زۆر ڕوون و کراوەیە. بۆ تورکیا و سووریا و عێراقیش لەنێویاندا گەڕانە بە شوێن سیستەمێکی دیموکراتیکدا. لە فکریدا خاوەن ئامانجێکی گۆڕانی دیموکراتیکە و بە ئاشکرا پێشنیاری دەکات بۆ هەموو جوگرافیاکانی کورد. کاتێک لەم چوارچێوەیەدا هەڵدەسەنگێنرێت، مژاری چەکەکان کە ڕای گشتیی تورکیا زۆر قسەی لەسەر دەکات، دەبێتە وردەکاری. واتا ئێمە گفتوگۆیەکی دوور لە کرۆکی بابەتەکە دەکەین. لە ڕاستیدا بەڕێز ئۆجالان جارێکی تر داوای لێ کردین کە بگەڕێینەوە بۆ 'کرۆکی بابەتەکە'. کرۆکی بابەتەکە ئەوەیە کە لەوێ چ سیستەمێک دابمەزرێت. گوتی، 'شەرع دەڵێت کە گۆڕاوە. ئەگەر ئەم گۆڕانە دیموکراتیک بێت، ئەوا سەر سەر و سەر چاو، کێشە نییە. بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕانە دیموکراتیک نەبێت، ئەوا بەرەو دیکتاتۆری دەچێت. کەس دەرفەتی نابێت کە لەژێر ئەو دیکتاتۆرییەدا بژی.
'پێویستە دەرفەتی پەیوەندی لەگەڵ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد بکرێت'
گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا باسی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" مەزڵوم عەبدی و هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهام ئەحمەد کردووە و گوتوویەتی، "گوێ لە من دەگرن، گرنگیم پێ دەدەن.
گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە دەرفەتەکانی ئەو پەیوەست بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد بکرێت.
"لە پوختەی تێبینییەکانی دیدارەکەدا نییە"
گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد کە لە پوختەی تێبینییەکانی ئیمراڵیدا کە ئاشکراکراون، هەڵسەنگاندنی فراوانی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر سووریا بوونی نییە و گوتی، "ئەو هەڵسەنگاندنانەی کە بۆ سووریای کرد زۆر بەرفراوان بوون. ئاماژەی بەوە کرد کە دژی دەوڵەتی یەکگرتوو نییە؛ بەڵام باسی لەوە کرد کە پێویستە سووریا دیموکراتیک ببێت؛ دیموکراسی خۆیجێی نەبێت، نابێت. شەرع گوتوویەتی کە گۆڕاوە؛ بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕانە دیموکراتیک نەبێت، شەرع دەبێتە دیکتاتۆر، دووبارە سوورییەکان ئازاردەدات.
لە دەقی ئەو پوختەیەدا کە ڕاگەیاندراوە، ئەم خاڵانە نین. هەڵسەنگاندنێکی زۆر ئاسایی هەیە، قسەی گشتی بڵاوکراونەتەوە. هەرچەندە ئەمانە، لەو خاڵە سەرەکییانەن کە ڕای گشتی بۆی پەرۆشە. بۆ نموونە، گوتی؛ ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێنرێت، ئەوا دەتوانێت هاوکار بێت بۆ چارەسەریی پرسی سووریا. ئەمەش لەو دەقە بڵاوکراوەیەدا نەهاتووە. لێرەدا کێشەیەکی جددی هەیە لە ڕێباز و بەڕێوەبەردندا. بۆ زۆرێک لە قسەوباسەکانی ناو ڕای گشتی، پێویستە بەرچاوڕوونییەک هەبێت. لەلایەن ئێمەوە هیچ ئاستەنگییەک لەبەردەم بڵاوکردنەوەی تێبینییەکانی ناو دیدارەکەدا بۆ ڕای گشتی و کۆمیسیۆن بوونی نییە."