گولستان کلچ کۆچیگیت: ئاشتی و دیموکراتیکی بەردەوام بە ئیرادەی هاوبەش و هەنگاوی یاسایی پێکدێت

گولستان کلچ کۆچیگیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، لە پەرلەمان و لە کاتی بانگەشەکردنی "یاسای چوارچێوە"دا جەختی کردەوە کە ئاشتی و دیموکراتیکی بەردەوام بە ئیرادەی هاوبەش، سەروەریی یاسا و هەنگاوی دیموکراتیانە دەستەبەر دەبێت.

ئەنقەرە

 

"یاسای چوارچێوە" بۆ "بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی" که لە ۱۲ ماددە پێکدێت و بە ئیمزای ۳٦۷ پەرلەمانتار پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرابوو، دوای پەسەندکردنی لە کۆمییسیۆنی داد لە پەرلەمان، ئێستا لە دەستەی گشتیی پەرلەماندا بانگەشەی لەسەر دەکرێت. دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی پارتییە سیاسییەکان، چاوەڕوان دەکرێت یاساکە لە ئەنجامی دەنگدان لە دەستەی گشتی پەسەند بكرێت و بێتە کایەوە.

 

گولستان کلچ کۆچیگیت لەسەر "یاسای چوارچێوە" کە لە لیژنەی گشتی پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت قسەی کراو داوای بەشداریی هاوبەشی کرد.

 

دەرفەتێکی گرنگ بۆ سەدەی دووەم

گولستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوەدا کە گەلی تورکیا کە ساڵانێکە باجی قورسیان داوە، ئه‌مڕۆ دەرفەتێکی گرنگیان لەبەر دەستدایە بۆ ئەوەی کێشەکانیان لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک، یاسا، دیالۆگ و عەقڵی سەلیم چارەسەر بکەن، ئاشتی بەردەوام بکەن و پێکەوە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بنیاد بنێن. ناوبراو جەختی کردەوە کە پێشنیازەیاسای بەردەستیان، دەستپێکێکی گرنگی سەرلەنوێ کۆکردنەوە و بنیادنانەوەی دیموکراتییانەیە لە سەدەی دووەمی کۆماردا. کۆچیگیت ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەرچەندە پێشنیازەکە کەموکوڕییشی تێدا بێت، بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر لەسەر شانیانە کە پێکەوە لەسەر ئەم دەستپێکە بینا بکەن، چونکە ئاشتی تەنیا بە پەسەندکردنی یاسایەک تەواو نابێت.

 

هەنگاوە پێویستەکان بۆ ئاشتیی بەردەوام

کۆچیگیت ڕایگەیاند کە بەو هەنگاوە دیموکراتییانەی کە لە یاسا، سیاسەت و سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەنرێن، ئاشتی بەردەوام دەبێت و ئەم داواکارییانەی خوارەوەی خستەڕوو:

 

  • چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتی بەرفراوان بكرێت.
  • سەروەریی یاسا بەهێز بكرێت.
  • بڕیارەکانی دادگای دەستووری و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بكرێن.
  • ئازادیی دەربڕین و ڕێکخستن مسۆگەر بكرێت.
  • ئاستەنگەکانی بەردەم بەکارهێنانی ئازادانەی زمانی دایک لە ژیانی گشتی و پەروەردەدا لاببرێن.
  • ڕێکخستنێکی دیموکراتی پەرە پێبدرێت کە تێیدا نوێنەرانی هەڵبژێردراو و ئیرادەی گەل گەرەنتی بكرێن.

 

ڕوانگەی کۆماری دیموکراتیک و ژیانی یەکسان

گولستان کلچ کۆچیگیت جەختی کردەوە کە دەم پارتی لە ڕوانگەیەکی مێژوویی و ستراتیژییەوە نزیکی پرۆسەکە دەبێتەوە و وتی: ئێمە چارەسەری دیموکراتییانە و ئاشتییانەی کێشەی کورد لە دیموکراتیزەکردنی تورکیا جیا ناکەینەوە. نوێکردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورک لەسەر بنەمای یاسای یەکسان و سیاسەتی دیموکراتی، بە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی داهاتووی هاوبەشی تورکیا دەبینین. ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانجیان بۆ کۆماری دیموکراتیک، ژیانێکی هاوبەشە کە تێیدا هەموو ناسنامە، بڕوا، کلتور و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان بە ئازادانە گوزارشت لە خۆیان بکەن.

 

داواکاری بۆ بەرپرسیارێتیی هاوبەش

لە کۆتایی قسەکانیدا، کۆچیگیت جەختی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە تەنیا بەرپرسیارێتیی پارتێکی سیاسی نیست، بەڵکو بەرپرسیارێتیی هاوبەشی پەرلەمان، حکومەت، ئۆپۆزسیۆن و تەواوی کۆمەڵگەیە. داواکارییەکەی بەم شێوەیە دەربڕی: وەرن با هەموومان پێکەوە بەشداری لەم پرۆسە مێژووییەدا بکەین. وەرن ئەو بوارانەی کە دەتوانین تێیاندا هاوکاری بکەین بەرفراوانتر بکەین و جیاوازییەکانمان بپارێزین. وەرن ڕەخنەکانمان بگۆڕین بۆ پێشنیازێک کە پرۆسەکە بەهێزتر بکات. وەرن ئیرادەی کۆمەڵایەتی بۆ ئاشتی لەگەڵ ئیرادەی هاوبەشی پەرلەماندا یەکبخەین. ئەو دەرفەتەی ئەمرۆ لە بەردەماندایە تەنیا دەرگای ئاگربەست ناکاتەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا دەرگای تورکیایەکی دیموکراتتر، دادپەروەرتر و گەشاوەتر دەکاتەوە. بەم بڕوایەوە، هیوادارم ئەو هەنگاوەی ئەمرۆ دەینێین ببێتە دەستپێکێکی بەهێز بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و داهاتوویەکی ئازاد بۆ گەلەکانمان.