لە سێ فێستیڤاڵی سینەمایی ئیدانەی دەستگیرکردنی ژنە ئەکتەرێکی دیاری ئێرانی دەکەن

فێستیڤاڵی فیلمی کان، فێستیڤاڵی لۆکارنۆ و فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین، دەستگیرکردنی ژنە ئەکتەر تەرانە عەلیدۆستییان شەرمەزار کرد.

ناوەندی هەواڵ

فێستیڤاڵی فیلمی کان، فێستیڤاڵی لۆکارنۆ و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین ئیدانەی دەستگیرکردنی تەرانە عەلیدۆستی ئەکتەری ئێرانییان کرد و داوایان کرد دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

 

تەرانە عەلیدۆستی، ژنە ئەکتەر و چالاکوانی تەمەن ٣٨ ساڵ، کە یەکێکە لە ڕووخسارە دیارەکانی سینەمای ئێران، ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەم، بەهۆی ئەو پۆستانەی بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران یان نیشاندانی باڵاپۆشی لابردن، دەستگیرکرا.

 

دوێنێ دووشەممە ١٩ی کانوونی یەکەم، فێستیڤاڵی فیلمی کان لە ڕێگەی هەژماری سۆشیال میدیای خۆیەوە دەستگیرکردنی تەرانە عەلیدۆستی ئیدانە کرد و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کرد.

 

جێگای سەرنجە فیلمی "براکانی لەیلا" کە ئەکتەر تەرانە عەلیدۆستی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، بۆ یەکەمجار لە فێستیڤاڵی فیلمی کان لە ساڵی ٢٠٢٢ نمایشکرا.

 

فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین و فێستیڤاڵی فیلمی لۆکارنۆ، دەستگیرکردنی یەکێک لە ژنە ئەکتەرە دیارەکانی ئێران، تەرانه عەلیدۆستی، لە کاتی ڕاپەڕینی جەماوەری ئەم دواییەدا، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەوان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە پاڵ ژنان و پیاوان لە ئێراندا وەستاون.

 

فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین یەکێکە لە فێستیڤاڵە سینەماییە بەناوبانگەکانی جیهان و هەموو ساڵێک لە مانگی شوباتدا بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

 

هەروەها فێستیڤاڵی لۆکارنۆ فێستیڤاڵێکی فیلمی نێودەوڵەتییە کە ساڵانە لە شاری لۆکارنۆی سویسرا بەڕێوەدەچێت. ئەم فێستیڤاڵە چوارەم فێستیڤاڵی فیلمی ئەوروپییە لە دوای کان و ڤێنیز و بەرلین.