كۆنفرانسی ژنانی جیهان یادی سێ پێشه‌نگی شۆڕشی ژنانیان کردەوە

كۆنفرانسی ژنانی جیهان په‌یامێكی بۆ فه‌رمانده‌كانی یه‌په‌ژه‌ و قه‌سه‌ده‌، ژیان تۆڵهەڵدان، ڕۆژ خابور و بارین بۆتان بڵاوکردەوە، کە دوای کۆڕبەندی شۆڕشی ژنان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنفرانسی ژنانی جیهان بۆ فەرماندەکانی یەپەژە و قەسەدە، ژیان تۆڵهەڵدان، ڕۆژ خابور و بارین بۆتان، کە لە ٢٢ی تەمموزدا بەشدارییان لە کۆڕبەندی شۆڕشی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد لە قامیشلۆ و دوای جێهێشتنی کۆڕبەندەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا، پەیامێکی سەرەخۆشیان بڵاوکردەوە و سەرنجیان بۆ هاودەنگی ڕاکێشرا.

 

پەیامەکە لەسەر ناوی کۆنفرانسی ژنانی جیهان لەلایەن ئەندامانی کۆردیناسیۆنی ئەوروپا هالینکا ئۆگەستن و سوسێ بەدەر بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتووە، "بەبۆنەی ١٠ ساڵەی شۆڕشی ڕۆژئاوا پیرۆزباییتان لێدەکەین، تێکۆشانی قارەمانانە بۆ دیموکراسی و ئازادی لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢دا لە کۆبانێ دەستیپێکرد، لە ئەنجامدا داعش بە سەرکەوتوویی لە ناوچەکە دەرکرا. لە ئەنجامی تێکۆشانی ژنان لەناو یەکینەکاندا، گەورەترین مافی ژنان لە ناوچەکەدا بەدەستهات، بەڵام بۆ ئەمەش باجێکی گەورەیاندا، نزیکەی ١١ هەزار شەڕڤان گیانیان لەدەستدا و ٢١ هەزار شەڕڤانیش بریندار بوون".

 

لە پەیامەکەدا دەربارەی شەهیدبوونی سێ پێشەنگی ژن لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، هاتووە، "سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی دامه‌زراندنی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا بوونی هەیە، وەک ژنانی جیهان هەر لەسەرەتاوە لەگەڵتانین، ئێمە بە گەڕانمان بە وڵاتانی ئەوروپادا و بە دروشمی "دڵمان بۆ شەڕڤانانی ڕۆژئاوا لێدەدات" خەباتی ئێوەمان ناساند و هاوسۆزی نێودەوڵەتیمان نیشان دا.

 

ئەمڕۆ جارێکی تر هەرێمەکە لەژێر هێرشی تونددایە. ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ناچاربوو باری نائاسایی ڕابگەیەنێت. هێرشەکانی ڕژێمی تورکیای ئەردۆغان بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان و هەڕەشەکانی لەشکرکێشی سوپای تورکیا هەڕەشە لە سەرکەوتن دەکەن.

 

پێشهاتەکانی ئێستا تیشک دەخەنەسەر پێویستی یەکێتییەکی نێودەوڵەتی و دژە ئیمپریالیزم و دژە فاشیست. ئەو پلاتفۆرمە نوێیەی دژە ئیمپریالیزم و دژە فاشیستی کە ئێمە لە کۆنفرانسی ژنانی جیهاندا دروستی دەکەین، دەبێت لایەنگرێکی زۆر لەخۆ بگرێت و بە کردەوە خۆی بسەلمێنێت".

 

لە کۆتایشدا جەختیان کردەوە، "لە ساڵیادی ئێوەدا هاوسۆزی هەمیشەیی و سڵاوی خۆمان لە تێکۆشان بۆ دنیایەکی نوێی ئاشتی و ئازادیتان بۆ دەنێرین".