گرژیی گشتی بەهۆی بڵاوەپێکردنی سەربازییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە

شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شاهیدی هەڵکشانی قوربانیانی مەدەنین لە کاتێکدا، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە شارەکانی مەریوان، دیواندەرە، مهاباد و ڕەوانسەر بۆ ١١ کەس بەرزبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ دەیەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕی تۆمەت لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە چەندین شوێن لە ناوخۆی وڵات کراونەتە ئامانج، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران سەبارەت بە ڕادەی زیانەکان بێدەنگن، هاوکات ترسەکان لە زیادبووندایە کە پەرەسەندنەکە فراوانتر بێت و ببێتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوانتر لە ناوچەکەدا.

 

ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە چاودێری بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن ئاماژەن بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی کە لە ئەنجامی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیان پێکردووە، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە، کە شارەکانی مەریوان، دیواندەرە، مهاباد، کامیاران، ڕەوانسەر، پاوەیان کردۆتە ئامانج، تا ئێستا ١١ کەسی مەدەنی لەوان ژن و منداڵ کوژراون، نیگەرانی ئەوە هەیە بەهۆی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ژمارەی کوژراوان زیاتر بێت.

 

میدیاکانی مافی مرۆڤ بڵاویانکردەوە، ئەو هێرشانەی کە چەند شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کراونەتە ئامانج، ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی لە نێویاندا منداڵ و ژنان گیانیان لەدەستداوە، ئەم ژمارەیە ئەوە دەردەخات کە بەهۆی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکە، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی بەردەوام بەرز دەبێتەوە.

 

لە ڕاپۆرتێکی یەکگرتوودا، کە ئاژانسی هەواڵی هرانا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، بە هۆی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٣٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە لێکۆڵینەوە لە باری سەربازی و مەدەنییان دەکرێت، هەروەها ژمارەی کوژراوانی مەدەنی گەیشتووەتە ١٢٠٥ کەس کە ١٩٤ منداڵیان تێدایە، هەروەها ١٨٧ سەربازیش کوژراون، هاوکات تا ئێستا ٣١٦ کەس نەناسێنراون کە نە سەربازن و نە هاوڵاتی مەدەنین.

 

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە لە جێگیرکردنی هێزی سەربازی لە شوێنە گشتییەکان، فەرمانگە و دامەزراوە مەدەنییەکان و ناوچە نیشتەجێبووەکانی وەک مزگەوت و خوێندنگە و یاریگاکان، دوابەدوای ڕاگەیاندنی جێگیرکردنی سەربازی لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی شارەکانی مەریوان، سەردەشت و ئابدانان، دانیشتووانی ئەو ناوچانە ناڕەزایەتیان دەربڕی و خوازیاری کشانەوەی ئەو هێزانە بوون.

 

هەروەها خەڵکی گەڕەکی ”مسجد ٢” لە شاری مەریوان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە جێگیرکردنی هێزی سەربازی لە کۆمەڵگەی وەرزشی گەڕەکەدا کۆبوونەوە و خوازیاری کشانەوەی هێزەکانی ڕژێمیانکرد، بە هەمان شێوە خەڵکی گوندی ”مزجە”ی سەردەشت ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە پلانی سپای پاسداران بۆ بڵاوەپێکردن لە مزگەوتی گوندەکە، لە ئابدانانیش هاوڵاتییان لە بەردەم ماڵی مامۆستایان گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بوونی سەربازی لەو ناوچەیە.

 

جگە لەوەش زۆرێک لە شوێنە سەربازییە ئامانجدارەکان لە ناوچەی نیشتەجێبووندان و هێرشەکان بووەتە هۆی داڕمان یان لەناوچوونی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکان، وەزارەتی تەندروستی و میدیاکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاماری وردیان لەبارەی قوربانییە سەربازی و مەدەنییەکان نەخستووەتەڕوو، بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە، دەستڕاگەیشتن بە ئامارە وردەکان ئاڵەنگاریەکیش بۆ میدیاکانی مافی مرۆڤیش دروست دەکات.