گریچن دوچکە "کلۆتز" پشتگیری بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کرد
گریچن دوچکە "کلۆتز"، نووسەر و چالاکوانی ئەڵمانی_ئەمریکی بە پەیامێک پشتگیری خۆی دەربڕی بۆ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ کە ٢٧ ی شوبات ئاشکرا کرا.

ناوەندی هەواڵ
گریچن دوچکە "کلۆتز"، نووسەر و چالاکوانی ئەڵمانی_ئەمریکی لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، لەگەڵ هاوژینەکەی ڕودی دوچکە، ساڵی ١٩٦٨ پێشەنگایەتی بزووتنەوەی خوێندکارە گەنجەکانیان کرد، ئەندامی یەکێتیی خوێندکارانی سۆسیالیست (SDS) و ئۆپۆزیسیۆنی بەرفراوانی دەرەوەی پەرلەمان بوو. پەیامی کلۆتز بەم جۆرەیە: پرۆسەی دانوستانی نێوان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆماری تورکیا بە گرنگ دەبینم، سڵاو لە ئیرادەی ئەو دەکەم بۆ پێکەوەژیانی گەلی کورد و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. پێویستە هەموو ئاستەنگەکان لەبەردەم بەشداری گەلی کورد لە سیاسەتی دیموکراتیکدا، هەڵبگیرێت؛ یەکێتییەکی ڕاستەقینە و ئاشتییانە لەنێوان گەلاندا بنیاتبنرێت. تێکۆشانی ئۆجالان بۆ ئیکۆلۆژیا و یەکسانی ڕەگەزیی، بۆ هەمووان ئیلهامبەخشە.
بەهیوام هەوڵەکانی ئۆجالان بەفیڕۆ نەچن. دەبێت لە هیچ هەلومەرجێکدا ئەم دەرفەتە لەکیس نەدرێت. بۆیە ئەمە زۆرباشە، چونکە دەتوانێت ببێتە مایەی دیموکراتیکبوونی تورکیا، لە سوریاش دەتوانێت هەمان شت بکات. هیوای ئێمە بۆ ئەو وڵاتانە بەم جۆرەیە. ئەمە دەرفەتێکە بۆ دیموکراتیکبوونی ئەو وڵاتانە.