گرتە ڤیدیۆییە نوێیەکان ڕادەی پێشێلکارییەکان لە ناوەندی چاودێری باتمان شیفا ئاشکرا دەکەن
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ نوێیەکانی «سەنتەری باتمان شیفا» لە ئیلە، کەمتەرخەمی و نەبوونی چاودێری بەرامبەر بە کەمئەندام و بەتەمەنەکان نیشان دەدات و ئەمەش توڕەیییەکی گەورەی گشتی لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی هەواڵی ژننیوژ گرتەیەکی نوێی ئاشکرا کرد، کە بەڵگەی ئەشکەنجەدانی سیستماتیکی لەناو "ناوەندی چاودێری تایبەت باتمان شیفا" لە پارێزگای ئیلە لە باکووری کوردستان، ئەم کەیسە چەند هەفتەیەکە زاڵە بەسەر ڕای گشتیدا، لە کاتێکدا پرسیارەکان سەبارەت بە بەرپرسیارێتی دامەزراوە فەرمییەکان لە سەرپەرشتیکردنی ناوەندەکانی چاودێری تایبەتدا پەرەدەسەنن.
نزیکەی ٢٠ ڕۆژ لەمەوبەر دەسەڵاتدارانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بەرفراوانیان بۆ سەر ئەو ناوەندە دەستپێکرد، کە دەکەوێتە گوندی کریدیە (کوسە تارلا)، ئەوەش دوای تۆمەتی جددی دەستدرێژی، ئەشکەنجە، کوشتنی گوماناوی و چەندین پێشێلکاریی کارگێڕی و یاسایی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا زیاتر لە ٨٠ کەس دەستگیرکران، هاوکات زیاتر لە ١٠ کەسی دیکەش دەستبەسەر کران تا لێکۆڵینەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت.
لێکۆڵینەوەکە سەرەتا بە نهێنی تەواو و دوور لە لێکۆڵینەوەی گشتی ئەنجامدرا، بەڵام دواتر فەرمانی نهێنی هەڵگیرا و بەڵگەنامە و وێنە و تۆمارگەلێک ئاشکرا بوو کە ڕادەی ئەو پێشێلکاریانەی ئاشکرا کرد، کە لەناو ناوەندەکەدا ڕوویانداوە، ئەمەش گفتوگۆکانی سەبارەت بە نەبوونی چاودێری کاریگەرانەی ئەو دامەزراوانەی کە بڕیارە خزمەتگوزاری چاودێری پێشکەش بە گروپە لاوازەکان بکەن، دووبارە وروژاندەوە.
ڕاپۆرتەکانی لێکۆڵینەوە لە هەزاران لاپەڕە پێکهاتبوون، لەوانە وێنە، پزیشکی دادوەری دیجیتاڵی، نامەنووسی ناوخۆیی، گەواهی شایەتحاڵ و گومانلێکراوەکان و هەڵسەنگاندنەکانی داواکاری گشتی، لە نێو بەڵگەکاندا تۆمارەکانی کامێرای چاودێری هەبوون کە بە ڕوونی نیشانی دەدا نەخۆشەکان و بەتەمەنەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەسەر دەستی هەندێک لە کارمەندانی ناوەندەکە تووشی ئەشکەنجە و ئازاردان بوون.
ڕووتکردنەوە و لێدانی نەخۆش لە شوێنی گشتی
ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە ژننیوز دەستی کەوتووە، سەرپێچییە جدییەکان ئاشکرا دەکەن، کە تێیدا دەردەکەوێت کارمەندەکان نەخۆشەکان ڕووت دەکەنەوە و لەبەردەم کەسانی دیکەدا هێرش دەکەنە سەریان بەبێ ئەوەی هیچ هەوڵێک بدەن بۆ دەستوەردان یان وەستاندنیان، لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە چەندین جار لێدان لە سەر و پێ و بەشە جیاوازەکانی جەستە دەدرێت، جگە لەوەی نەخۆشەکان بە ڕووتی لەسەر زەوی هۆڵی ناوەندەکەدا ڕادەکێشرێن.
هەروەها تۆمارەکان نیشانی دەدەن کە ژنان و پیاوان و منداڵان تووشی هەمان توندوتیژی دەبنەوە، هەندێک لە نەخۆشەکان بە زۆر پاڵیان پێدەنرێت بۆ سەر زەوی، لە دیمەنەکاندا کە ڕەنگدانەوەی نەخشێکی توندوتیژی سیستماتیکییە نەک ڕووداوە گۆشەگیرەکان.
برین و لێدان و زیندانیکردن لە چێشتخانەدا
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا، دەردەکەون کە خراپبوون و برین و لێدان و ئاوسانی قۆڵ و مەچەک و پەنجە و دەموچاوی نەخۆشەکان، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا نەخۆشێک لەناو چێشتخانەی ناوەمدەکەدا ڕاگیراوە، لە گرتەیەکی دیکەشدا جلەکانی فڕێدەدرێنە ژوورەکەیەوە، بەناچاری بە ڕووتی لەسەر زەوی دادەنیشێت، هەروەها کارمەندێک دەردەکەوێت کە دەچێتە ژووری نەخۆشێک و بەبێ خۆگرتن هێرش دەکاتە سەری.
گرتە ڤیدیۆییەکان ئاشکرای دەکەن کە هەندێک لە کارمەندەکان بە شێوەیەکی سیستماتیکی توندوتیژی جەستەیییان دژی منداڵان و بەتەمەنەکان و خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆشەکان ئەنجامداوە، توندوتیژییەکان تەنانەت کاتێک بەردەوام بوو کە نەخۆشەکان لە ترسدا پاشەکشەیان کرد، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەبوونی تەواوەتی چاودێری ناوخۆیی و داڕمانی تەواوەتی ستانداردەکانی چارەسەری مرۆیی بوو.