گرنگی مۆسیقا لە ژیانی ئاسایی و ئەنجامدانی وەرزشدا

گۆڕانکاری و پێشکەوتنی سیستمی تەندروستی بە جۆرێک گەشەی سەندووە، مۆسیقا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی بەکاردێت، هەروەها بەکارهێنانی لەکاتی ئەنجامدانی وەرزش کاریگەریەکی ئەرێنی لەسەر جەستەی مرۆڤ دروست دەکات.

 

شنیار بایز

سلێمانی- بە پێی توێژینەوە زاستییەکان، گوێگرتن لە مۆسیقا ئازاری جەستە بە ڕێژەی لە ٪٢٠ کەم دەکاتەوە، بۆیە لە ئێستادا پزیشکەکان پەنادەبەنە بەر چارەسەرکردن لە ڕێی مۆسیقاوە، لە بری ئەوەی دەرمانی ئازار شکێن بەکاربهێنن مۆسیقا بەکاردەهێنن بۆ کەمکردنەوەی ئازار، بە تایبەت دوای منداڵ بوون و ئەنجامدانی نەشتەرگەری گەورە، چونکە گوێگرتن لە مۆسیقا هۆڕمۆنی ئیندۆفین زیاد دەکات کە هەناسە و لێدانی دڵ خاو دەکاتەوە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازاری جەستە.

 

 

ئەو سودانەی لە ڕێی گوێگرتن لە مۆسیقاوە دەست دەکەوێ

جگە لەوەی مۆسیقا وەک چارەسەری بۆ هەندێک نەخۆشی بەکاردێت چەند سودێکی تریشی هەیە وەک، پێدانی دڵخۆشی بە گوێگر، دەبێتە هۆی ڕێککردنەوەی فشاری خوێن و کۆنتڕۆڵکردنی، ڕێگە لە نەخۆشیەکانی جەڵدەی دڵ و مێشک دەگرێت و توانای مێشک بەهێز دەکات.

جۆرە جیاوازەکانی مۆسیقا کاریگەری جیاوازیش لەسەر جەستە دروست دەکەن، بۆ نمونە مۆسیقای خاو یارمەتی کەمکردنەوەی لێدانی دڵ دەدات هەروەها مۆسیقای خێرا یارمەتی سوتانی چەوری و کالۆری دەدات.

مۆسیقای کلاسیکی هاوکارە بۆ دەردانی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆر کە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە.

یەکێکی دیکە لە سودەکانی مۆسیقا، تایبەتە بە وەرزشەوانان کە هاوکاریان دەکات لە ئەنجامدانی چالاکییە وەرزشیەکان بە باشترین شێوە.

 

 

گرنگی مۆسیقا لە بواری وەرزشیدا

وەرزشکردن لەگەڵ مۆسیقا ئەنجامێکی باشی هەیە لەکاتی ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان، لە ئێستادا لەناو هۆڵە وەرزشیەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت.

گرنگیەکەی لە وەرزشێکەوە بۆ وەرزشێکی دیکە دەگۆڕێ بۆ نمونە، لە وەرزشی جومناسیک، ئایرۆبیک و زومبا زیاتر مۆسیقا بەکاردێت وەک لە وەرزشە بەکۆمەڵەکانی وەک تۆپی پێ، تۆپی دەست و بالە، هەروەها بۆ منداڵانیش گرنگی تایبەتی هەیە بەتایبەت ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان ٤ بۆ ٧ ساڵە کە وەرزش ئەنجام دەدەن زیاتر هەست بە چالاکی جەستەیان دەکەن.

 

 

جومناسیک

جومناسیک یەکێکە لەو وەرزشانەی لەگەڵ مۆسیقا ئەنجام دەدرێت، هەڵبژاردنی مۆسیقا لەگەڵ ئەم جۆرە وەرزشە پشت دەبەستێ بە جوڵەی وەرزشوانەکە، بە جۆرێک سەرەتا مۆسیقای خاو یان خێرای بۆ دیاری دەکرێت و دواتر لەگەڵ جوڵەی وەرزشوانەکە مۆسیقاکە دەگۆڕدرێت.

 

زومبا

یەکێکە لە وەرزشە بەربڵاوەکان و لە جوڵەی خێرا پێکدێت، یارمەتیدەرە بۆ چارەسەربوونی کێشە دەروونیەکان و یارمەتی گەشەی جەستە دەدات و بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ مۆسیقا ئەنجام دەدرێت.

یەکێکە لەو وەرزشانەی لە ڕێیەوە دەتوانێت وەرزشکارەکە کێشی لەشی دابەزێنێت بە جۆرێک تەنها لەماوەی یەک کاتژمێر ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ یاخود ٥٠٠ بۆ ٨٠٠ وزە سەرف دەکات.

یارمەتی نەرمکردنی ماسولکەکانی لەش دەدات، کۆئەندامی بەرگری جەستە بەهێز دەکات، بەهێزکردنی جومگەکان و تەندروستییەکی باش بە جەستەی مرۆڤ دەبەخشێت بە تایبەت لەوکاتانەی لەگەڵ مۆسیقا ئەنجام دەدرێت.

 

ڕاکردن و ڕۆشتن

ڕاکردن و ڕۆشتن یەکێکن لەو وەرزشانەی زۆرینەی هاوڵاتیان ئەنجامی دەدەن لە پێناو بەدەستهێنانی تەندروستیەکی باشتر، تەنانەت هەندێک وەک چارەسەری نەخۆشی بەکاری دەهێنن، زۆرینەی ئەوانەی ئەم جۆرە وەرزشە ئەنجام دەدەن مۆسیقا بەکاردەهێنن لەکاتی ئەنجامدانی، کە سودی بۆ ڕێکخستی دەروونی مرۆڤ و باشترکردنی فەرمانەکانی جەستە هەیە.