گراند سەلام، پشتگیری نعومی ئۆساکا دەکات دوای وازهێنانی لە پاڵەوانیەتی تێنسی فەرەنسا

یاریزانی تێنس نعومی ئۆساکا، بە هۆی ناجێگیری دروونییەوە، بەشداریکردنی لە پاڵەوانیەتی تێنسی فەرەنسا ڕەتکردەوە و دەستی لەکار کێشایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرپرسانی چوار پاڵەوانیەتی گراند سەلام، بەڵێنیان داوە کە ڕێوشوێنێک بگرنەبەر تایبەت بە دەروونی یاریزانە کچ و کوڕەکانیان، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە نعومی ئۆساکا بڕیاری کشانەوەکەی لە پاڵەوانێتییەکە دا.

 

جیلیس مۆرتین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی فەرەنسا جەخت لەسەر تەندروستی یاریزانان و بەتایبەت دەروونیان دەکاتەوە دەڵێت: "سەلامەتی یاریزانان هەمیشە لە ئەستۆی گراند سەلام بووە".

 

دوێنێ ١ی حوزەیران/٦ بەیاننامەیەکی هاوبەش لەلایەن پاڵەوانێتی کراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان "ویمبلدۆن"، ڕۆلان گارۆس و پاڵەوانێتی ئوسترالیای کراوە، بڵاوکرایەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ڕایگەیاندووە کە بە نیازن گرنگی بە تەندروستی و دەروونی یاریزانان بدەن، هەروەها پشتگیری نعومی ئۆساکا دەکەن لە دوای کشانەوەی لەو پاڵەوانێتیە و بەو هیوایەن زوو بگەڕێتەوە ناو پاڵەوانیەتیەکە.

 

هەروەها ئەوەش هاتووە: "پێکەوە بەردەوام دەبین لە پێشخستنی ئەزموونی یاریزانان لە خولەکانماندا، هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین لە سەرکەوتنیان، دەروون زۆر کاریگەری هەیە لەسەر یاریزانان بۆیە پێویستەکات گرنگی زیاتری پێبدەین"

 

نعومی ئوساکا، ڕۆژی دووشەمە ٣١ی ئایار، لە لێدوانێکیدا کشانەوەی خۆی لەو پاڵەوانێتیە ڕاگەیاند و وتی" "لە ئێستادا باری دەروونیم باش نییە و ناتوانم بەشداری بکەم بۆیە واز دەهێنم، داواکاریشم هەر یاریزانێک دڵنیا نییە لە تەندروستی خۆی بەشداری نەکات".

 

ت.پ