گوڵ بەسەر ژنانی شارۆچکەی ڕانیەدا دابەشکرا
لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا، ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر لەناو بازاڕی شارۆچکەی ڕانیە گوڵیان بەسەر ژناندا دابەشکرد و پیرۆزبایی ٨ی ئاداریان لێکردن.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، بەبۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنانەوە، لە ناو بازاڕی شارۆچکەکە گوڵیان بەسەر ژناندا دابەشکرد.
هانا شەیدا، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر وتی: ئەمڕۆ بەبۆنەی ٨ی ئادارەوە چەند چالاکییەکمان ئەنجامدا، دەمانەوێت بیسەلمێنین کە ژن مافی هەیە و پێویستە سەربەست بێت، نا بۆ کۆیلەکردن و کوشتنی ژنان، چونکە ژن دەتوانێت کۆمەڵگە ئازاد بکات.
باسی لە خۆڕاگریی ژنیش کرد و وتی: ژن هەمیشە لەسەر پێیەکانی خۆی وەستاوە و بەهیچ شتێک ناڕووخێت، بەڵکو هێشتا هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی سەربەست بن و وەکو تاکێک لە کۆمەڵگەکەماندا بژین.