گەلی حەسەکە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکەی بەنداوی تشرین چوونە مەیدانەکان

گەلی شاری حەسەکە بە هەموو نەتەوەکانیانەوە - کورد، عەرەب، سریانی و ئەرمەنی- بە ڕێپێوانێک ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی ئێشکگرانی بەنداوی تشرین لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

حەسەکە

 

سەرەڕای هەموو هێرشەکانی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک بەرخۆدانی گەل لە بەنداوی تشرین بەردەوامە، دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کۆمەڵکوژییەکی لە دژی ئەو هاوڵاتیانەی ئەنجامدا کە بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین لەوێ بوون و  بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

گەلی شاری حەسەکە، بە هەموو نەتەوەکانیانەوە- کورد، عەرەب، سریانی و ئەرمەنی – چوونە مەیدانەکان و هەڵوێستی خۆیان دەربڕی، ڕێپێوانکەران ئاڵای قەسەدە و وێنەی شەهیدان و پانکارتیان هەڵگرتبوو کە لەسەری نووسرابوو "نا بۆ داگیرکاری" و " بوونی خۆمان دەپاریزین" ڕێپێوانەکە لە بازنەی شەهید ئاڤێستا لە گەڕەکی تیل هەسەر دەستیپێکرد و گۆڕا بۆ گردبوونەوەیەک لە بەردەم کەنیسەی ئاشووری.

 

دوای خولەکێک وەستان، فاتمە عەلی، بە ناوی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، سڵاوی لە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین کرد و وتی: جارێکی دیکە پەیامی هاودەنگی نوێ دەکەینەوە، تا کۆتایی پشتیوانی شەڕڤانانی قەسەدە دەکەین، هەرچییەک داوامان لێبکرێت دەیکەین، ژیان تەنها جەستە نییە، ئەگەر بە ویژدان و کەرامەتەوە نەژین، جەستەیەکی وەک کۆیلەمان ناوێت.

 

فاروق تۆزۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شاری حەسەکە هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ناکرێت سووریای نوێ بە داگیرکاری و بەئامانجکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی بونیاد بنرێت وتی: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئیرادەی خەڵک بشکێنێت، لە کاتێکدا دەڵێن سووریایەکی نوێ کاروانێکی نوێی خەڵک دەکرێتە ئامانج، چۆن بتوانین سووریایەکی نوێ بەم شێوەیە بونیاد بنێین.

 

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدان" کۆتایی هات.