گەلاوێژ، ئەو ژنەی داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی براکوژی دەکات
گەلاوێژ هەمزە، کچی پێشمەرگەیەکەی شەهید دەڵێت: لەسەر ئەوەی وتم شانازی بە شەهیدبوونی باوکم ناکەم کە لە شەڕی براکوژیدا شەهید بووە، هەڕەشەی کوشتنم لێدەکرێت.
گەلاوێژ هەمزە، کچی پێشمەرگەیەکەی شەهید دەڵێت: لەسەر ئەوەی وتم شانازی بە شەهیدبوونی باوکم ناکەم کە لە شەڕی براکوژیدا شەهید بووە، هەڕەشەی کوشتنم لێدەکرێت، داواش دەکات شەڕی براکوژی کۆتایی پێبێت.
ناوەندی هەواڵ
گەلاوێژ هەمزە کچی هەمزە سەلیم تەها، لە گرتە ڤیدیۆیەکیدا کەلە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە کە لەسەر ئەوەی وتم شانازی بە شەهید بوونی باوکمەوە ناکەم کە لە شەڕی براکوژیدا شەهید بووە، لەلایەن مامێکمەوە هەڕەشەی کوشتنم لێدەکرێت.
گەلاوێژ لە میانەی بەشداریکردنیدا لە بەرنامەیەک وتی: شانازی بە شەهید بوونی باوکمەوە ناکەم، چونکە ئەو لە شەڕی براکوژیدا شەهید بووە.
گەلاوێژ لە ڤیدیۆکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەر کەس باوکم بناسێت، دەزانێت چەندە جوامێر و نیشتمانپەروەرە، من شانازی بە خەبات و تێکۆشان و مێژووی باوکمەوە دەکەم و سەری ڕێز بۆ شەهیدان دادەنەوێنم، بەڵام بە شەهیدبوونیەوە نا، چونکە لە شەڕی براکوژیدا شەهید بووە، وتیشی: کاتێک لێم دەپرسن باوکت لە کام شەڕەدا شەهید بووە، هەستێکی ناخۆشم دەبێت و نامەوێت وەڵام بدەمەوە.
هەر لە ڤیدیۆکەدا باس لەوە دەکات کە لەلایەن مامێکی بە ناوی تەهاوە هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت و ئەو لە مردنیش ناترسێت و بۆ هەمیشە دژی شەڕی براکوژی و ڕشتنی کوشتنی کورد بە کورد دەوەستێتەوە.
گەلاوێژ بە دڵێکی پڕ هەستەوە داوا دەکات کە با ڕێگری لە شەڕی براکوژی بکەین و پشتیوانی لە پێشمەرگە و گەریلا بکەین و هەموان لە خەمى بەرژەوەندى هاوڵاتیاندابین و چیتر کۆیلەى حزبەکان نەبین و لە خەمی خاکدا بین.
ت.پ