گەل و ژنانی تل تەمر تابووری جیهان و نازمیان دامەزراند
بۆ یادی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان، کە لە ١٩ی کانوونی دووەمدا، لە هێرشێکی ئاسمانیدا گیانیان لەدەستدا، گەلی تل تەمر بە پێشەنگایەتی ژنان تابوورێکییان بە ناوی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە پێکهێنا.
سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر- لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر کردووە، لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان لە بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاق بەدواداچوونیان بۆ بەرخۆدانی شەڕڤانان دەکرد، لە ١٩ی کانوونی دووەمدا ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەستدا.
گەلی شاری تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە بە پێشەنگایەتی ژنان بەشدارییان لە بانگەوازی سەفەربەریی کرد کە لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە لە چوارچێوەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕانەدا ڕاگەیەندرا، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە کاری هەردوو ڕۆژنامەنووسەکە، تابوورەکەیان ناوناوە "تابووری جیهان و نازم".
سەبارەت بە دامەزراندنی تابوورەکە و هەڵوێستی ژنان لەم کاتەدا دەبێت چی بێت دژی داگیرکاری، ئەو ژنانەی خۆیان بە ڕێکخستن کردووە و چەکیان هەڵگرتووە، قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"کورد وەک شەپۆلی دەریا وایە"
دڵشا عەبدلوەهاب لە سەرەتای قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە خۆیان چەکدار کردووە و ئەرکی پاراستنی خاکەکەیان جێبەجێ دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە لایەنگری یەپەژە/یەپەگە ین، بۆیە تەنانەت ئەگەر دڵۆپێک خوێنیش مابێت، وەک ڕۆحمان ئەم خاکە دەپارێزین و لە ڕێگای بەرخۆدان پاشەکشە ناکەین، ئێمە لە پرۆسەی بوون و نەبوونداین، بۆیە دەبێت کورد یەکبگرێت و سیستمی خۆپاراستن بەهێزتر بکات.
"ئێمە قەرزاری جیهانین بۆ هاوبەشکردنی ساتەکانی بەرخۆدان"
ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین لە کاتی هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٩ بۆ سەر سەرێ کانی بۆ ماوەی چەند مانگێک لەگەڵ ژنانی تل تەمر لە تل تەمر مایەوە، لە کاتێکدا تورکیای داگیرکەریش ئاڕاستەی شارەکە کرابوو، بەرخۆدانەکانی ئەوانی لە ڕێگەی کامێراکەیەوە سات بە سات ڕاپۆرت دەکردو فایلەکانی بەڵگە دەکرد و دەیگواستەوە.
دڵشا عەبدلوەهاب هاوڕێ جیهان بیلگینی بەبیرهێنایەوە و وتی: ئێمە خوێنی جیهان لەسەر زەوی بەجێناهێڵین، چونکە ساتەکانی بەرخۆدانمان پێکەوە هاوبەش بوو، جیهان بە کامێرای خۆی دژی دوژمن تێکۆشانی دەکرد، ئێمەش ئەمڕۆ بە چەکەکانمان بەردەوامین لە خەبات و قەرزداری شەهید جیهانین و هەمیشە شوێنکەوتووی دەبین، لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە ژنان دەکەم کە خاکی خۆیان بەجێ نەهێڵن و بە ڕۆحی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەسەرپێی خۆیان بوەستن.
"پێویستە ژنانی جیهان خۆیان چەکدار بکەن و ڕوو لە ڕۆژئاوا بکەن"
فەهیمە عه بدولڕەحمان، دایکی ئارژین جودی شەڕڤانی یەپەگەیه که له ساڵی ٢٠١٣ له شەڕی جەبهەی نوسرە گیانی له دەستدا، چەکی هەڵگرتووە و لەناو تابوورەکەدایە، تەمەنی ٦٠ ساڵە، کە قژە سپییەکەی نیشانەی تەمەنی خۆیەتی، سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە بۆ بەهێزکردنی سیستمی پاراستنی شارەکەی گیراونەتەبەر، وتی: سوێند بە خوێنی شەهیدان دەخۆین، ئەم خاکە بەجێناهێڵین و هەنگاو نانێین بۆ دواوە، هەرچەند ئەردۆغان بە چەک و فڕۆکەکانی بۆردوومان بکات، ئێمە لێرەدا کورد و عەرەب و ئاشووری هەموومان لەسەر ئەم خاکە دەژین، ئێمە خوشک و براین، لێرە لە سیستمێکی دیموکراتیک و یەکساندا دەژین، پێویستە ژنانی جیهان چەک هەڵبگرن و پاڵپشتی یەپەژە/یەپەگە بکەن، شەرمەزارییە بۆ ئەو ژنەی کە دەتوانێت چەک هەڵبگرێت و نەیکات، مردن جارێکە، با مردنمان مردنێکی شکۆمەندانە بێت.
فەهیمە ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەبێتە شوێنکەوتووی ئارژینی کچی و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: چەکەکەی ئارژین چیتر لەسەر زەوی نییە، من چەکەکەیم هەڵگرتووە، تا کۆتایی لەبەرامبەر چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرخۆدانی کردو گەیشتە ئاستی شەهادەت، من چەکەکەین بەرزکردۆتەوە و بە کەرامەتەوە ئەم ڕێگایە پەیڕەو دەکەم، با ئەمڕۆ ژنان کۆیلایەتی قبوڵ نەکەن، ئێمە ئەمڕۆ مافمان هەیە، تا چاو و دەستمان هەبێت، دەتوانین زۆر شت بکەین، ئەردۆغان ئێستا شکستی هێناوە، تۆپ و فڕۆکەکانی بەسەر سەرماندا دەجوڵێنێت و تۆپبارانمان دەکات، ئێمە چەکی کالاشینکۆف و ئیرادەمان هەیە، پێویستە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداربن لە سەفەربەریییەکەدا، ئێمە لە پڕۆسەیەکی واداین کە دەبێت ئەم دوژمنە چەپەڵە شکست پێبهێنین.
"بە چەکەکانمان شەڕ دەکەین"
نورە محەمەد تاهیر ئاماژەی بەوەدا کە بۆ پاراستنی شارەکەیان تابوورێکییان پێکهێناوەو وتی: ئێمە تایبەتمەندین بۆ پاراستنی تل تەمر، لە منداڵەوە تا تەمەنی ٧٠-٨٠ ساڵان، ئێمە لە ساڵی ٢٠١٥یشدا شارەکەمان پاراست، بە هەنگاونان بەرەو ساڵی ٢٠٢٥، بڕیارەکەمان وەک یەکە، تا ڕۆژێک لە ژیانمان مابێت چەکی شەهیدان لەسەر زەوی بەجێناهێڵین، لە سەردەمێکدا کە هەموو جیهان و دەوڵەت هەوڵی کوشتنی ژنان دەدەن، پێویستە ژنان وەڵامیان بدەنەوە و سیستمی خۆپاراستن بەهێز بکەن، ئێمە جگە لە ئازادی هیچ شتێکی تر قبوڵ ناکەین، پێویستە ژنان کۆیلایەتی قبوڵ نەکەن و ملکەچ نەبن، هاوڕێی ئێمە جیهان بە کامێراکەیی و ئێمە بە چەکەکانمان دژی دوژمنی دڕندە دەجەنگین، چونکە ملکەچبوون قبوڵ ناکەین.