مەراڵ دانش بەشتاش: کۆمیسیۆن لەسەر پرسی کورد و ئاشتی دوا ئیتر گەرەنتیی یاسایی پێویستە

مەراڵ دانش بەشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەبێ هەمووارکردنەوەی هەلومەرجی کارکردن و پەیوەندییەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، هیچ هەنگاوێکی کردەیی لە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورددا نانرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی گرووپی پارتەکەیدا لە ٥ـی ئایار لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی دا و وتی، ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت لە پرۆسەکەدا ڕۆڵی “سەرپەرشت” بگێڕێت و ستاتۆکەشی لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

دوای ئەم لێدوانە سەرۆککۆمار ئەردۆغان ڕۆژی هەینی قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە هاوپەیمانیی کۆمار”بڕیارگەی سیاسی”ـی پرۆسەکەیە و ئەو هەنگاوانەی نراون، گەڕانەوەیان بۆ نییە.

 

لەو چوارچێوەیەشدا مەراڵ دانش بەشتاش، پەرلەمانتاری ئەرزرۆمی دەم پارتی و ئەندامی کۆمیسیۆن، لەم بارەیەوە هەڵسنگاندنی گرنگی کردو ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەی هەنووکەیی بە لایەنە کۆمەڵایەتی، سیاسییەکانی و سیاسەتەکانی دەرەوەی خاوەن ڕابردوویەکی سەدساڵەیە، کە لەم بارودۆخەدا ئاستەنگییەکی گەورە بوونی نییە کە لانەبرێت، ئەوەی پێویستە ئیرادە و بوێریی سیاسییە.

 

ڕاشیگەیاند، دوای شەڕی دەیان ساڵە قۆناغێکی گرنگ دەستی پێکردووە، بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی بەڕێز ئۆجالان ڕاگەیاندراوێکی مێژووییە و زۆر گرنگە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەست، بڕیارەکانی ئاشکرا کرد کە ئەمەش زۆر گرنگ بوو.

 

 وتیشی: لە کۆمیسیۆن بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر پرسی کورد قسە کرا، لەلایەکی ترەوە، یەکێک لە هەنگاوە مێژوویی و گرنگەکان ئەوە بوو کە لە پەرلەمان ٩٨٪ـی نوێنەران لە دەوری مێزێک کۆبوونەوە، بێگومان کاتێک ئەمە دەڵێین، پێشبینی ئەوە دەکەین کە ڕای گشتی ئاشنایە بە داخوازییەکانمان، بۆ نموونە ڕامانگەیاند کە پێویستە ئەو کۆمیسیۆنە بە یاسایی دابمەزرێت، بەڵام بە بانگەوازی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دامەزرا. بەڵام ئەمە ڕاستیی کۆمیسیۆنەکە بێ بەها ناکات، لەبەرئەوەی ئەم مێزە لە دەرەوەی پێگە سیاسییە هەنووکەییەکان و لەسەرووی ئەوانەوە بوو.

 

مەرال دانش بەشتاش باسی لەوەشکرد، پێویستە لە ئێستادا هەنگاوی گەورە بنرێت، بەداخەوە هەنگاونانیش جێی داخە،، خوازیاربووین ئەم بابەتە بێکێشە بەڕێوەبچێت، وەڵامی پرسیارەکانی ڕای گشتی بدرایەتەوە، بەڵام پێویستە بزانین کە پرۆسەکە بە شێوەیەکە کە تێیدا بەردەنگی وا هەن کە بە شێوەیەکی جیاواز لە ژیان دەڕوانن.

 

ئاماژەی بەوەکرد، بە زووترین کات پێویستە پرۆسەی چارەسەری لەسەر زەمینەیەکی یاسایی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، کاتی گفتوگۆکان زۆری خایاند و هەنگاوێکی بەرچاو نەنرا، بێمتمانەیی لای گەل لە فراوانبووندایە، بۆیە داواکارین کە پرۆسەکە نەبێتە قوربانیی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و هەنگاوی یاسایی بەپەلە بنرێت، هەلومەرجەکانی کارکردن و ڕاگەیاندنی ڕێبەر ئاپۆ هەموار بکرێنەوە کە بەردەنگ و ئەکتەری سەرەکیی پرۆسەکەیە، بۆ سەلامەتیی پرۆسەکە پێویستە هەم میدیای دەسەڵات و هەم میدیای ئۆپۆزیسیۆن، زمانیان بگۆڕن.

 

مەراڵ دانش بەشتاش وتیشی: پێویستە هەموارکردنەوە یاساییەکان بەر لە مانگی تەمووز کە پەرلەمان دەچێتە پشووەوە، ئەنجام بدرێن، هێشتا ڕەشنووسێکی بەرچاو گفتوگۆی لە بارەوە نەکراوە و کات کەم ماوە بۆ چوونە سەر زەمینەی هاوبەش، چاوەڕوان دەکەم کە مانگی کانوونی یەکەم لەسەر ئەم ڕەشنووسە کار بکەین، لە ئێستادا هیچ دەقێکمان لەبەردەست نییە، بەڵام دەزانین کە ڕەشنووسەکان ئامادەن، پێویستە لەمەودوا زەمینەیەکی هاوبەش لەسەر ئەم ڕەشنووسانە بڕەخسێنین، پێویستە لەناو تەواوی کۆمەڵگەدا بڵاوبکرێتەوە کە گەل لەم پرۆسەیە زیانمەند نابێت، بەڵکوو هەمووان سەردەکەون.