گۆڕێکی بەکۆمەڵی ژن و منداڵان کە گومان دەکرێت کورد بن دۆزرایەوە
گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە بیابانی تەل ئەلشێخیەی پارێزگای سەماوە دۆزرایەوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە دی ئێن ئەی ئێسکەکانیان دەستی پێکردووە کە سەرجەمیان ژن و منداڵن.
ناوەندی هەواڵ
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەنەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە ناوچەیەکی پارێزگای سەماوە ڕایگەیاند، گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە بیابانی تەل ئەلشێخیەی پارێزگای سەماوە دۆزرایەوە.
وتی: ئەم تاوانە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە دوژمنی گەلی كورد گوێی بە هیچ شتێك نەداوە و كاری بەردەوامی كردووە بۆ سڕینەوەی كورد. بەداخەوە ئێستاش گەلی كورد بە یەكچاو سەیری یەكتر ناكات و پەند لە ڕابردوو وەرناگیرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە دی ئێن ئەی ئێسكی ڕووفاتەكانی ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكە دەستی پێکردووە.
جێگای ئاماژەیە، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا چەندین ڕووفاتی ژن و منداڵی تێدایە، تەنانەت ژنی تێدایە دووگیان بووە و هەر بە دووگیانی زیندەبەچاڵ کراوە و گومان دەكرێت سەرجەمیان كوردبن.