"١٠ بەشداربووی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە دادگایكردنێكی نادادپەروەرانەدا بە لەسێدارەدران سزا دراون"
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، ١٠ بەشداربووی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دادگایكردنێكی نادادپەروەرانەدا بە لەسێدارەدران سزا دراون.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە لەسێدارەدانی ژمارەیەک لە بەشداربووانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ١٠ کەس بە ناوەکانی فازڵ بەهرامیان، مەنووچێهر مێهماننەواز، مێهران بەهرامیان، میلاد ئارموون، عەلیڕەزا کەفایی، ئەمیرمحەممەد خۆش ئێقباڵ، نەوید نەجاڕان، حوسێن نعمەتی، عەلیڕەزا بەرمەرزپوورناک و مێهران عەبدوڵڵازادە کە هەموویان لە دادگایكردنێكی نادادپەروەرانەدا بە لەسێدارەدران سزا دراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ١٠ کەسە بەشداربووی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بوون و بە تۆمەتی جۆراوجۆر وەک چەکداری، کوشتنی بە ئەنقەست دادگایی کراون و هەندێکیان بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجیکی زۆر دراون.
بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی تا ئێستا ١٠ کەس لە بەشداربووانی سەرهەڵدانی شٶڕشگێڕانەی "ژن ژیان ئازادی" لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.