لە ماوەی ٦ مانگدا دەوڵەتی تورک ٨٣٣ بۆردوومانی بۆسەر خاکی هەرێم ئەنجامداوە

تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی ڕایدەگەیەنێت، لە ٦ مانگی سەرەتی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا  ٨٣٣ هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، بە هۆشیانەوە ٨ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی (سی پی تی)، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک زانیاریی نوێی لەبارەی ‌هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک خستووەتەڕوو ئاماژەی بەوەکردووە، تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی حوزەیران، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٨٣٣ هێرش و بۆردوومانی بۆسەر خاکی باشووری کوردستان ئەنجامداوە.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە پارێزگای دهۆک ٣٦٥، لە هەولێر ٣٥٦، لە سلێمانی ١٠٢ و لە پارێزگای نەینەوا ١٠ هێرشی ئەنجامداوە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، بە تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا ٢٧ جار بۆردوومانی بۆ سەر زنجیرە چیای مەتینا و گەلی ڕەشاڤا لە قەزای ئامێدی، چیای ساوێن لە بناری قەندیل، لوتکەی کوڕاشەڵ و بناری چیای کێوەڕەش لە قەزای ڕانیە، چیای جاسووسان لە قەزای پشدەر، گوندی کانی میرانی کۆماری و نزارە لە قەزای پێنجوێن ئەنجامداوە.

 

سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی ئەو هێرشانە، ئاشکرایکرد، بە تەنیا لەم ساڵدا، ٨ هاوڵاتی مەدەنی، بەهۆی بۆردوومان و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم گیانیان لەدەستداوە.