ژمارەی کوژراوانی غەززە بۆ ١١ هەزار و ٢٤٠ کەس بەرز بووەوە

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ ٣٩هەمین ڕۆژ لەسەریەک بەردەوامە و ژمارەی کوژراوان بۆ ١١ هەزار و ٢٤٠ کەس بەرزبووەتەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆردوومانی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە و پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت پچڕاوە و گەمارۆ بەسەر کەرتی غەززەدا سەپێنراوە، دوێنێش ئیسرائیل کۆمەڵکوژییەکی ترسناکی لە جەبەلیای باکووری غەززە ئەنجامدا و دوای بۆردوومانکردنی چەند ماڵێک، لەنێویاندا یانەی خزمەتگوزاری، زیاتر لە ٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا، کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون، جگە لە دەیان بریندار و وێرانکردنی ١٢ ماڵ.

 

ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی ئاماژەی بەوەدا، کە مۆلیدەی کارەبا لە نەخۆشخانەی ئەمەل بە تەواوی لە کار خراوە و بەمەش مەترسی لەسەر ژیانی ٩٠ نەخۆش دروستبووە، کە چارەسەر وەردەگرن، ٢٠ نەخۆشیشیان لە چاودێری چڕدان و دەکرێت لە هەر ساتێکدا ڕووبەڕووی مەترسی مردن ببنەوە، هەروەها هەڕەشە لەسەر ژیانی نزیکەی نۆ هەزار پەنابەر دروستبووە کە نەخۆشخانەکەیان وەک پەناگە بەکاردەهێنا.

 

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، کە وڵاتەکەی "لە لێواری ڕێککەوتندایە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت، ئەویش ئازادکردنی زیندانیانی هەردوولا لەخۆدەگرێت، دوای ئەوەی نێوەندگران لە ئامادەیی بزووتنەوەی حەماس ئاگادارکرانەوە بۆ ئازادکردنی نزیکەی ٧٠ منداڵ و ژن، کە لە غەززە دەستبەسەرکراون، لەگەڵ ئازادکردنی ژن و منداڵی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەستبەسەرکراون، جگە لە ئاگربەستێکی پێنج ڕۆژە کە هاوکاتی ڕۆژی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دەبێت، کە ڕێگە دەدات بۆ ئەوەی بە سەلامەتی لە کەرتی غەززەوە بچنە ناو ئیسرائیلەوە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی ٢٤٠ بۆ ٢٥٠ زیندانی دەستبەسەرکراو هەن کە زۆربەیان ئیسرائیلین، جگە لە دوو ڕەگەزنامەی ئەمریکا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە، لەکاتێکدا ٣٥ کەسی بیانی غەیرە ئیسرائیلی لەنێویاندا هەن، کە زۆربەیان تایلەندین کە لە ئیسرائیل کار دەکەن.

 

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، ژمارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بۆ ١١ هەزار و ٢٤٠ کەس بەرزبووەتەوە، کە نزیکەی چوار هەزار و ٦٣٠ منداڵ و سێ هەزار و ١٣٠ ژن و کچن و ٢٩ هەزاری دیکەش برینداربوون.