دەست بە چالاکییەکان کرا: لە دژی توندوتیژی و داگیرکاری ژن، ژیان، ئازادی

پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرنامەی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە دروشمی "دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و داگیرکارییەک ژن، ژیان، ئازادی" ڕاگەیاند.

قامیشلۆ

 

بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ڕۆژی تێکۆشان لە دژی توندوتیژی دژی ژنان کە دەکەوێتە ٢٥ی تشرینی دووەم، پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە دروشمی "لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و داگیرکارییەک ژن، ژیان، ئازادی" بەرنامەی چالاکی خۆی ڕاگەیاند، بەیاننامەکە لە یاریگای شەهیدانی ١٢ی ئاسار لە قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکرایەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا کە لەلایەن ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار خوێندرایەوە هاتووە:

هەموو ساڵێک ٢٥ی تشرینی دووەم بە ڕۆژی جیهانی تێکۆشان دژ بە توندوتیژی دژ بە ژنان ناسراوە، بۆ ئەوەی ببێتە وەڵامێک بۆ دژوارترین توندوتیژی کە لەو ڕۆژەدا ڕوویداوە، با وەڵامەکەمان ئەوە بێت کە دەنگی ڕاستەقینەمان بەرز بکەینەوە بەرامبەر بە بیرکردنەوەی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان، ئەو عەقڵییەتە پیاوسالاری و سەرمایەدارییەی کە هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ژنان دەدات و ڕۆڵی کەم دەکاتەوەو بوونی لەناو دەبات، دەیەوێت بەرخۆدانە مەزنەکەی بەرامبەر ژیانی ئازاد لەناو ببات و مافە ڕەواکانی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە لەناوببات، لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠، خوشکانی میرابال کۆمەڵکوژکران، کە خەباتێکی بێهاوتایان لە دژی چەوسێنەرانی ئەو سەردەمە و سەرکوتکردنی پیاوی دەسەڵاتدار کرد، هەتا ئەو کاتەی بوون بە نموونەی هیوایەکی ڕاستەقینە و ڕووناکی بۆ هەموو ژنانی خەباتکار لە جیهاندا، لەسەر ئەم بنەمایە، یادی هەموو شەهیدەکانمان دەکەینەوە کە ژیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ بەدەستهێنانی پێگەی ژنانی بەهێز و خۆڕاگر، لە کاتێکدا ئێمە بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتن دەڕۆین لە ڕێگەی قوربانی و هەنگاوە مێژووییەکانیانەوە کە جیهان هەمیشە لە هەموو سەردەمێکدا یادی دەکاتەوە.

 

"ژنان لەبەرامبەر توندوتیژی پیاوان بەرخۆدان دەکەن"

بە ناوی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەموو ئەو ژنانەی کە بەرەنگاری توندوتیژی پیاوی دەسەڵاتدار و ئەوانەی پێشەنگایەتی خەباتی دژ بە فاشیزم و داگیرکاری دەکەن و سەلماندوویانە کە دەتوانن سیاسەتی ئەوان تێکبشکێنن سڵاویان لێدەکەین، هەروەها سڵاو لە ژنانی کورد و دۆستانی کورد دەکەین کە بەرخۆدانی سروشتی خۆیان بەرامبەر بە توندوتیژی پیاوان و دەوڵەت لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەهێزتر کردووە، هەروەها سڵاو لە هەموو ژنە زیندانییە سیاسییەکانی زیندانەکانی ڕژێمی ئێران و هەموو ئەو دەوڵەتانەی دیکە، کە لەبەرامبەر گۆشەگیری و سزای مەرگ و سێدارە بەرۆخۆدان دەکەن سڵاو دەکەین.

 

"ژنان دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک خۆیان ڕێکخستووە"

لەم ڕۆژەدا، هەموو پێشێلکارییە دڕندانەکان لە دژی ژنان ئازارەکانیان قووڵتر کردووەتەوە، ململانێ و شەڕ لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا تا ئەمڕۆش بەردەوامە، وەک سووریا، عێراق، ئێران، تورکیا، ئەفغانستان، لیبیا و فەلەستین، بەڵێنی تێکۆشانمان نوێ دەکەینەوە، لە کاتێکدا قەیرانی سووریا دەچێتە ١٣یەمین ساڵەوە، ژنانی سووریا هێشتا لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و نادادپەروەرییەک دەجەنگن و بەرگری لە ماف و ئازادییەکانیان دەکەن لە ڕێگەی خۆڕێکخستنکردن و ئیرادەی بەهێز و کاری یەکگرتووی ژنانەوە کە بە شۆڕشی ڕۆژئاوا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی پێکرد.

 

"ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"

سەرەڕای دەستکەوتەکانی ژنان، سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ئەو گروپانەی پشتیوانی لێ دەکەن هێشتا مەترسی بۆ سەر ژنان دروست دەکەن، چونکە هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی شێوازەکانی سەرکوتکردن و جینۆساید دەبنەوە، بەتایبەتی لە ناوچە داگیرکراوەکانی عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی و هەرێمەکانی جەرابلوس، عەزاز، باب، جگە لەو کۆمەڵکوژی و تاوانە جەنگییانەی ئەنجام دەدرێن، کەسانی پیشەنگ و پڵاتپارێزو سیاسی دەکەنە ئامانج.

 

پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژهەڵات و ئێران

لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەم کۆسپ و زەحمەتیانەدا، لە پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوە و زیادکردنی خەباتمان دژی هەموو سیاسەتەکانی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان، داوا لەو کەسانە دەکەین کە بەرپرسیارن لە تاوانەکانی دژ بە ژنان بەرپرسیار بکرێن، هەروەها پشتیوانی خۆمان بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دووپات دەکەینەوە کە لە ڕاپەڕینەکەیاندا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یان کردە بنەما.

 

"دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و داگیرکارییەک ژن، ژیان، ئازادی"

پەیوەندی بە هەموو ژنانەوە لە سەرانسەری جیهاندا بۆ یەکگرتن و یەکێتی لەگەڵ بەرخۆدان و تێڕوانینێکی هاوبەش بۆ خەبات، بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو شێوەکانی توندوتیژی و نەهێشتنی ئەو نادادپەروەرییەی لە دژی ژنان ئەنجام دراوە لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی ژیانی هاوبەش، لە چوارچێوەیەکی دیموکراسیدا، هەروەها بۆ پشتیوانی هەموو ژنانی ناوچەکە و جیهان، لەسەر ئەم بنەمایە دەستپێکردنی هەڵمەتی ساڵی ٢٠٢٣ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بە دروشمی "دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و داگیرکارییەک ژن، ژیان، ئازادی" ڕادەگەیەنین.