ڕیهام  حەجۆ: شەنگال بە تێکۆشانی ژنانی ئێزدی لەسەر پێیە

٩ ساڵ بەسەر فەرمانی ٣ ئابی ٢٠١٤بۆ سەر شەنگال دژی کۆمەڵگەی ئێزدی تێدەپەرێت، ڕیهام حەجۆ،  وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی خەبات و بەرخۆدانی ئەو ٩ ساڵە کرد.

شیلان شەنگال

 

شەنگال- لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش گەورەترین هێرشی قڕکردنیان لە دژی شەنگال دەستپێکرد، ژنانی ئێزدی بە شێوەیەکی سەرەکی کرانە ئامانج، سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون و هەزاران کەسیش لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژران و دەستگیرکران، ٩ ساڵ بەسەر ئەم فەرمانەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا برینەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی ساڕێژ نەبووە، چارەنووسی هەزاران کەس ڕوون نییە و قوربانییەکانی فەرمانەکە هێشتا لە گۆڕی بەکۆمەڵدان.

 

ڕیهام حەجۆ، وتەبێژی تاژێ شەهیدانی فەرمانەکە و خەباتی ئازادی بەبیرهێنایەوە و وتی: پێش هەموو شتێک، شەهیدانی فەرمانی ٧٤، شەهیدانی بەرخۆدانی شەنگال و ئەوانەی بۆ ئازادی خەباتیان کرد، بەبیردێنمەوە، سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوێنم، ئەو ٩ ساڵەی تێمانپەڕاند پڕ بوو لە ئازار و سەختی و بەرخۆدان و خەبات.

 

"تۆڵەکردنەوەی فەرمانەکە وەک ئەرکێکی مێژوویی خۆمان دەبینین."

ڕیهام حەجۆ ئاماژەی بەوەکرد ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر بەرخۆدان پێویستە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی و وتی: کۆمەڵگەی ئێمە، پێویستی بە کەسانی پێشەنگ هەیە، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەستبەرداری هەموو بەرژەوەندییەکانی خۆیان بوون، ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی، بەتایبەت ژنانی ئێزدی، بەرپرسیارین لە تۆڵەکردنەوەی چەندین ساڵ ڕەنج و شەهیدانی فەرمانی ٧٤، وەک تەڤگەری ژنانی ئێزدی بۆ ماوەی ٩ ساڵە خەبات دەکەین بۆ تۆڵەکردنەوەی فەرمانەکە.

 

"گەورەترین ئازارمان ڕفاندنی ژنانی ئێزدی بوو"

ڕیهام حەجۆ وتیشی: سەرەڕای ئەم ئازار و سەختییانە، ئێمە وەک ژنانی ئێزدی و کۆمەڵگە هەوڵمان داوە برینەکانمان ساڕێژ بکەین، گەیشتینە ئەو باوەڕەی کە ئەگەر ئێمە بەرگری لە خۆمان نەکەین و تۆڵە نەکەینەوە مافەکانمان بەدەستناهێنین، کەس ئەوە بۆ ئێمە ناکات، لە خەباتی ٩ ساڵەدا، لەبەر ئەوەی بەرگریمان لە خۆمان کرد، خۆمان ڕێکخست و ڕێگەمان نەدا فەرمانی ٣ی ئاب بگاتە ئامانجەکەی، ڕۆژانە بۆ ئەمە باجمان دا،  لە ماوەی ٩ ساڵدا شەنگال بەهۆی خەباتی ژنانی ئێزدییەوە لەسەر پێی خۆی مایەوە، بەڵام گەورەترین ئازار بۆ ئێمە ڕفاندنی ژنانی ئێزدی و دەستدرێژییەکەیان بوو، کە تا ئەمڕۆش چارەنووسی هەزاران ژن ڕوون نییە.

 

"ژنانی ئێزدی چیتر سەر بۆ کەس دانانەوێنن"

ڕیهام حەجۆ سەبارەت بە گرنگی ڕێکخستنی ژنانی ئێزدی دوای فەرمانەکە وتی: "یەکێک لە ئامانجەکانی فەرمانی ٧٤ەم لەناوبردنی کولتوور و باوەڕی ئێزدی و کۆمەڵگە بوو لە کەسایەتی ژنانی ئێزدی، بەڵام ئەمڕۆ، بە هێزی ژنان، بە بەرخۆدانەکەی، بە خەباتی ژنان شەنگال لەسەر پێیە، شەنگال بەرخۆدان دەکات داوای مافی خۆی دەکات. ئەمڕۆ، لە سەرانسەری شەنگال، ژنی ئێزدییە لە گۆڕەپانی سەربازی، سیاسی، دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی کە بەرخۆدان و خەبات دەکات، ئەزموونی ئەو ٩ساڵەی خەبات کە ئێمە وەک ژنانی ئێزدی تێیدا ژیاوین، پێشکەوتنی ڕێکخراوەیی زۆری بۆ ئێمە هێناوە، لە شەڕی خانەسۆر و سنونێ، ژنان لە هێڵەکانی پێشەوە ڕاوەستاون و ڕێگەیان بە شەڕی ناوخۆ و شەڕی خیانەت بە سەرکردایەتی پەدەکە نەداوە.

 

"کۆمەڵگەی ئێزدی دەتوانێت بە تێکۆشانی ژنان خۆی بپارێزێت"

ڕیهام حەجۆ رایگەیاند ، ژنانی ئێزدی لە مێژوودا کۆمەڵگەی خۆیان بە میراسی پاراستنی کولتوور و بیروباوەڕی ئێزدی دەزانن و وتی: ئەگەر نەتوانین ژنان ڕێکبخەین و کۆیان بکەینەوە، ناتوانین چارەسەرێکی هەمیشەیی دروست بکەین، لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا، ئێمە خەباتمان کردووە بۆ پەرەپێدانی هێزی ڕێکخراوەیی ژنان، بۆ ئاشکراکردنی ئیرادەی ژنان و ڕەنگی ژنان. هەروەک زۆرێک لە ژنانی پێشەنگ لە مێژووی کۆمەڵگەی ئێزیدیدا، وەک خاتونە فەخرە، سیتیا ئێش، سیتیا ناخشایێ، دایە زەرۆو سەدان ژنی بەناوبانگ، ئێستا دەمانەوێت ژنانی پێشەنگ بۆ کۆمەڵگەکەمان بنیاد بنێین،  لەبەر ئەوەی هیچ ڕاستییەک نییە، کە ژنان تەنها لە ماڵەوە بمێننەوە، هەروەها ئێمەی ژنان لەسەر بنەمای ئایین و باوەڕ و کولتوور و ڕاستیمان ڕێکدەخەین و ژنان پێکەوە کۆ دەکەینەوە و بە شێوەیەکی یەکسان و ئازاد و هاوبەش لەگەڵ کێشەی ژنان و کۆمەڵگەکەمان و هەموو بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگەدا دەژین.

 

"چارەسەری برینەکانمان یەکگرتووییە"

ڕیهام حەجۆ تیشکی خستەسەر ڕۆڵی یەکگرتوویی کۆمەڵگەی ئێزدی و وتی: ئێمە دەڵێین کە بەسە بۆ فێڵ و خیانەتی پەدەکە کە لە کۆمەڵگەکەماندا ئەنجام دەدرێت، چەندین ساڵە ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی بە پێی پێویست هەڵەکانی پەدەکەمان بینیووە، ئێمە وەک کۆمەڵگەیەک پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان ئەو یارییانەی کە لەسەر ئێمە دەکرێن، بە تایبەتی گەلەکەمان کە لە کامپەکاندا دەژین، پەدەکە سیاسەتی خۆی لەسەر ئەوان جێبەجێ دەکات بە بڵاوکردنەوەی شتی هەڵە، لەبەر ئەم هۆکارە دەڵێم کە خەڵکی ئێمە دەبێت ئێستا خۆیان قایل بکەن و بگەڕێنەوە شەنگال و ژیانی خۆیان بنیاد بنێن. جارێکی دیکە داوا لە خەڵکەکەمان دەکەین بچنە شەنگال بۆ بنیادنانەوەی شەنگال و باشترکردنی،  بۆ ئەوەی شەنگال پێگەی خۆی بەدەست بهێنێت، ئێمە خۆبەڕێوەبەری خۆمان بەدەست دەهێنین، بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانمان و شکاندنی ئەم هێرشانەی ڕۆژانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر پێشەنگەکانی کۆمەڵگەکەمان. جارێکی دیکە داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە یەک دەنگ و یەکگرتوو بن.