پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان: بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێگەی نیگەرانیە

تورکیا هەمیشە هەوڵی قڕ کردنی کورد دەدات و لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا ٤ هاوڵاتی لە جیندرێس شەهید کرد، ئەنجومەنی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستانیش ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد.

سلێمانی

 

٢١ی ئادار لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا لە جەندرێس ٤ هاوڵاتی لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە شەهید کران، ئەم هێرشانەکوردانی هێنایە دەنگ و بە تایبەت لە باشووری کوردستان، نوێنەرایەتی پەیەدە، کۆنگرەی ستار و نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بە هاوبەشی و بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد.

 

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم بارەگای یو ئێن لە شاری سلێمانی، ئەنجومەنی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ئیدانەکردنی شەهیدکردنی ٤ هاوڵاتیەکەی عەفرین کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجام دا.

 

لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیەندرا، "لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە عەفرین ٤ هاوڵاتی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە شەهید کران، کە هەر ٤ هاوڵاتیەکە ئەندامی یەک خێزانی نیشتمانپەروەر بوون، یەکێک لەو ٤ هاوڵاتییە پێشتر لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەشکەنجەدراوە و لە کۆتایدا لە جەژنی نەورۆزدا شەهیدیان کرد، ئێمەش وەکو کوردانی ڕۆژئاوا ویستمان ئەم نامەیەی خێزانی شەهیدان بگەیەنین بە یو ئێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی کۆتایی بهێنن بە داگیرکارییەکانی تورکیا".

 

"ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگن"

هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە دۆخی عەفرین کراوە و هاتووە، "ئەو کۆمەڵکوژی و داگیرکارییەی لە عەفرین هەیە تا ئێستا لە هیچ شوێنێکی دنیادا نەبووە، ڕۆژانە شەهید هەیە، بۆیە خەڵکی عەفرین داوا دەکەن کە چیتر چەکدارانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی عەفرین نەمێنن و خەڵکی رەسەنی عەفرین ئیدارەی ناوچەکە بکەن و هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە تورکیا بردوویەتی بیگەڕێنێتەوە بۆ عەفرین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی عەفرین ڕادەستی هێزە نێودەوڵەتیەکان بکەن و خەڵکەکەی بە شێوەیەکی ئاسای ژیانی خۆیان بەڕێبکەن".

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکرا، "دەوڵەتی تورکیا داری زەیتوون لە عەفرین کە ڕەمزێکە بۆ ئاشتی و خێر و بەرەکەت لەناودەبات، لە عەفرین ٢٥ ملیۆن داری زەیتوون هەیە، ١٥ ملیۆنیان بەرهەمدارە، بەڵام وڵاتانی زلهێز بیدەنگن و ئەمەش جێگەی نیگەرانی و ڕەخنەیە، ئێمە بە شێوەیەکی ئاشتیانە داوا دەکەین هەڵوێستمان بە هەند وەربگیرێت، وە نزیکەی ٤٠ هەزار پەنابەری ڕۆژئاوایی لە باشووری کوردستان هەیە، بەڵام بەداخەوە بێبەشن لە هەموو مافێک، زیاتر لە ٢٠٠ کەسیان پێویستیان بە چارەسەر هەیە، بەڵام یو ئێن و ڕیکخراوەکانی تر هاوکاریان ناکەن".

 

"ئازارەکان بۆ ژنانە"

نەعم شێخ عەبدولڕەزاق، ئەندامی ئەنجومەنی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە وەکو ژن ئیدانەی شەهیدکردنی ئەو ٤ هاوڵاتیە دەکەین، چونکە هەر ٤یان ئەندامی یەک خێزان بوون و ئەوانیش دایک و خوشکیان هەیە، بۆیە ئازارەکە لەم لایەنەشەوە هەر بۆ ژنانە، دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی، بۆیە ئەمە جێگەی قبوڵ نییە، ئەوەی لە دەست ئێمە دێت ناڕەزایەتی دەربڕینمانە و گەیاندنی دەنگی خەڵکی عەفرینە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ پشتیوانیکردنی گەلی ڕۆژئاوا پێویستە گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان بێنە دەنگ و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن."