ئەڤین ئادین: پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە
شاندی پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان بۆ پێکهێنانی یەکێتی ژنانی کورد و بەهێزتر کردنی تێکۆشانی هاوبەشی ژنان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە و ئەندامێکی شاندەکەش باس لە گرنگی پلاتفۆڕمەکە و تێکۆشانی ژنان دەکات.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- شاندی پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان بۆ پێکهێنانی یەکێتی ژنانی کورد و بەهێزتر کردنی تێکۆشانی هاوبەشی ژنان لە ڕۆژانی ١١ی کانوونی یەکەم و ڕۆژانی دواتر سەردانی شاری هەولێر و سلێمانییان کرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کۆبوونەوە و هەنگاوی دروستکردنی یەکێتییەکی بەهێزی ژنانی کورد گەشە پێدەدەن.
شاندەکە پێکهاتوون لە نوران ئیمیر، پەرلەمانتاری هەدەپە و ئەندامی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد، گولشەن سەنجار، جێگری هاوسەرۆکی پارتی هەرێمی دیموکراتیک و ئەندامی پلاتفۆرمی یەکیتی ژنانی کورد، ئەڤین ئادین ئەکادیمسیان و مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد، زینەت دینجەر، ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان لە باکووری کوردستان و دامەزرێنەری پلاتفۆرمی یەکیتی ژنانی کورد.
شاندەکە لە سەردانەکەیاندا لەگەڵ هەریەک لە یەکێتی پەرلەمانتاران، ئەنجومەنی باڵای خانمانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژنانی حزبی شیوعی، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی ژنانی کوردستان، تەڤگەری ئازادی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ڕێپاک، ژنانی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، خوشکانی یەکگرتوو و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و چەندین لایەنی دیکە کۆبوونەوە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیشیان هێرشە داگیرکارییەکانی سەر کوردستان و توندوتیژی سەر ژنانە، لەو پێناوەشدا هەوڵی پێکهێنانی یەکێتییەکی بەهێزی ژنان دەدەن.
ئامانجی پلاتفۆڕمەکە یەکێتی گەل و ژنانی کوردە
ئەڤین ئایدن، ئەندامی پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان، باسی لە ئامانجەکانی دروستکردنی پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کوردی کرد و وتی: پلاتفۆڕمەکە لەپێناو یەکێتی گەلی کورد خەباتێکی تایبەت بەڕێوەدەبات، بەتایبەتیش ئەو ژنانەی لە مێژووەوە یا ئێستا لە دژی زوڵم و زۆری بەرخۆدانیان کردووە، لە پلاتفۆڕمەکەدا بە هەبوونی خۆیانەوە بەشدار دەبن و لەوانە هێز و ئیرادە وەردەگرین، ئامانجێکی دیکە ئەوەیە کە پلاتفۆڕمەکە ببێتە یەکێتیەکی تایبەت بە گەلی کورد و ژنان و لە سەروو هەموو بەرژەوەندییە تاکەکەسی، حزبی و لایەنەکانەوە بێت، ئەمەش دوو خاڵی گرنگە بۆ پلاتفۆڕمەکە.
هەروەها باسی لە دۆخی ژنان کرد لە کوردستان و وڵاتانی دەرەوەشدا کە لە دۆخی توندوتیژیدا دەژین، جەختیشی کردەوە کە یەکێتی ژنانی کورد پێویستی سەرەکییە، "لەم سەردەمەدا ئێمەی ژنانی کورد دەبینین کە، یەکێتی چارەسەری هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە و ژنی کوردە، لەو پێناوەشدا پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد دەیەوێت یەکێتی گەلی کورد لە هەموو دنیادا دروستبکات، چونکە دەزانین جگە لەو ژنە کوردەی لەناو چوار پارچەی کوردستاندا دەژی، ئەو ژنەشی کە لە تاراوگەیە، لەپێناو ژیانێکی ئارام کۆچی کردووە، بەڵام پێی نەگەشتووە، بۆ ئەوەش پێویستە ئێمە لە وڵاتی خۆماندا ئارامی و ئاسایش و یەکێتییەکەی بنیاد بنێین.
"ژنان وڵات دەپارێزن"
ئەو ئەندامەی پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد باسی لە ڕۆڵی دایک-ژن کرد کە چۆن خێزانێک دروستدەکات و لە هەموو جۆرە زوڵم و هێرش و داگیرکارییەک دەیپارێزێت، ئارامی دروستدەکات، بەهەمان شێوە، ژنانی کورد وڵاتەکە دەپارێزێت و ئارامی و کوردێکی یەکگرتوو ئاوادەکات، "سەد ساڵە ژنانی کورد لە هەموو شوێنێک ڕووبەڕووی زوڵم بوونەتەوە، منداڵەکانیان لەدەستداوە، دەستدرێژی و توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، ئازاری گەورە ژنانی کورد کێشاویانە، ئەمڕۆ لەچکە سپییەکانیان کە بە موورو دەیانڕازاندەوە، ئەمڕۆ بەهۆی زوڵمەوە نایڕازێننەوە، ئەمڕۆ ئێمەش باری ئەو ئازارە و نەڕازاندنەوەی ئەو لەچکە دەخەینە سەر شانمان و بە یەکگرتن و یەکێتی گەلی کورد و ژنان، ئاهەنگی یەکێتی گەلی کورد دەگێڕین و ڕەنگاڵەی لەچکەکان بۆ دایکان دەگێڕینەوە".
شاندەکە ماوەی هەفتەیەکە لە باشووری کوردستان لەگەڵ ژنانی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان کۆدەبنەوە، بە ئامانجی پێکهێنانی یەکێتی ژنانی چوار پارچەی کوردستان، ئەڤین ئادین باسی لە وەڵامی ژنانی باشووری کوردستان کرد بۆ هەنگاوەکەیان و وتی: چاوپێکەوتنمان لەگەڵ زۆر لایەندا کرد، ژنانی باشووریش ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر زوڵمی سەر ژنان و نایەکگرتووی گەلی کوردیان نیشاندا، ئێمە هەمان ئازار دەکێشین، ئێستا گفتوگۆ دەکەین و هەنگاوی دواترمان پێکهێنانی یەکێتییەکە دەبێت.