دیجلە موفتوئۆغڵو پاڵێوراوی خەڵاتی “خۆڕاگرترین ڕۆژنامەنووسان”ە

دیجلە موفتوئۆغڵو، ڕۆژنامەنووس و هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات، کە لە زیندانی داخراوی سینجان دەستبەسەرە، لەلایەن کۆمپانیای فری پرێس بێسنوورەوە پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی "خۆڕاگرترین ڕۆژنامەنووسان".

ناوەندی هەواڵ

 

دیجلە موفتوئۆغڵو، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات، لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا لە ٣ی ئایاری ٢٠٢٣، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەنقەرە دەستیپێکردبوو، دەستبەسەر و زیندانی کرا.

 

دیجلە موفتوئۆغڵو، کە لە زیندانی داخراوی سینجان بۆ ژنان ڕاگیراوە، بۆ خەڵاتی "خۆڕاگرترین ڕۆژنامەنووس" لەلایەن فری پرێس بێسنوورەوە لەگەڵ چەند ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی وڵاتانی جیهان کاندید کراون بۆ وەرگرتنی خەڵات، براوەش لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ڕادەگەیەنرێت و لە میانی چالاکییەکی ڕاستەوخۆدا لە لاهای لە هۆڵەندا، لە ٣١ی تشرینی یەکەمدا پێشکەش دەکرێن.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسانەی پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە هەفتەی داهاتوو لە هەژمارە دیجیتاڵ میدیاییەکان و ماڵپەڕی فەرمیی فری پرێس بێسنووردا بڵاودەکرێنەوە.

 

دیجلە موفتوئۆغڵو لە ساڵی ١٩٨٤دا لە ویلایەتی ئاگری دۆغبایەزید لەدایکبووە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە دۆغبایەزید خوێندووە، دەرچووی بەشی بایۆلۆجییە لە زانکۆی جەلال بەیار، لە ساڵی ٢٠٠٨ وەک ڕۆژنامەنووس لە چەند شارێکی وەک ئیستەنبوڵ، ئامەد، ماردین و شرناخ کاری کردووە، هەروەها وەک پەیامنێر و سەرنووسەر کاری کردووە.