ئاڤانی ١٩ ساڵ؛ لەناو بەرداشی ژن بوون و دوژمنداری عەشیرەتدا

ژنان لە زۆربەی کۆمەڵگە داخراوەکاندا بەدەست دابونەریتی کۆن و ئەو ئەقڵییەتە پیاوسالارییەی حکوم لەسەر ژن دەکات، دەناڵێنن، ئاڤان ئەرسەلانیش نمونەی یەکێکە لەو ژنانەی لە گێژاوی شەرەف، خێزان، عەشیرەت، کێشە، کۆمەڵگە و دوژمندارییدا ژیانی لێسەندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتن و سووتاندن ئەو دوو ڕێگەیەن ژیانی سەدان ژنی زوڵم لێکراویان لەناوبرد، لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا، لەدوای ژیان لەدەستدانیش، هەمیشە هەق بە پیاو دەدەن و ژنان تاوانبار دەکەن کە هۆکاری کێشەی خێزانی بوون، ئەو کێشانەی بەرۆکی خێزانەکان دەگرێت، بەشێکیان دوژمنداری لێدەکەوێتەوە، بەشێکیان جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان، بەشێکیان دەبێتە داهاتوویەکی ناڕوون بۆ تاکەکانی خێزانەکە، هەموو ئەم لێکەوتانە لەسەر ژنان چەند هێندەیە و لەناو گێژاوی جیابوونەوە، بەزۆر بەشوودان،  بێ کەس و بێ ماڵی، عەشیرەت، قسەی کۆمەڵگە، دابونەریت و دوژمنداری ژیانیان لێدەسەندرێتەوە.

 

جیابوونەوەی دایک و باوکی، ئاڤانی بێ بەشکرد لە خوێندن

ئاڤان ئەرسەلان، ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵ و  دانیشتووی شارەدێی باوەنوور لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بوو، دوای ئەوەی دایک و باوكی لەیەک جیادەبنەوە باوکی بەهۆی ئەوەی خراپ بووە لەگەڵ دایکی ئاڤاندا، لەلایەن خاڵی ئاڤانەوە دەکوژرێت، دایکیشی دووبارە ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێتەوە، ئاڤان لەگەڵ دوو خوشکیدا لە ماڵی باپیری دەمێنێتەوە، دواتر داپیریان کۆچی دوایی دەکات.

 

ئاڤان لە کاتی جیابوونەوەی دایک و باوکی قوتابی بووە لە قوتابخانە، ژیانی ناخۆشی ئاڤان دوای ڕۆشتنی دایکی دەستپێدەکات، چونکەی باپیری ئاڤان بە بیانووی نەتوانینی دابینکردنی پێداویستی خوێندن، ئاڤان لە خوێندن دەردەکات، لە کاتێکدا هاوڕێکانی ئاڤان دەڕۆشتن بۆ قوتابخانە و لە کۆڵانەکاندا یاریان دەکرد، ئاڤان تەنها سەیرکەر بوو، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی نێوان خێزانی دایک و باوکیشی، ئاڤان و هەردوو خوشکەکەی سەردانیکردن و بینینی دایکیان لێ قەدەغە کرابوو.

 

لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بەزۆر هاوسەرگیری بە ئاڤان دەکرێت

ئاڤان دوای ئەوەی لە خوێندن بێ بەش دەکرێت، ئەرکی ماڵەوەی دەکەوێتە سەر شان و ڕۆژانەش، ئەگەرچی بە قسەیەکیش بێت توندوتیژی بەرامبەر دەکرا، بێ ئەوەی هیچ لەسەر هاوسەرگیری بزانێت، لەلایەن ماڵی باپیریەوە  و بەبێ ڕەزامەندی خۆی لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بەشوو دەدرێت، ئاڤان خوشکە بچوکەکەی لە ناو دۆزەخێک، کە ناوی ژیانی لێنراوە، بەجێدەهێڵێت و خۆشی وەکو خوشکە گەورەکەی بەرەو دۆزەخێکی تر بەڕێدەکەوێت، لەگەڵ پیاوێک ژیان بەسەردەبات کە نە دەیناسێت و نە دەزانێت ژیانی چۆن دەبێت لەگەڵیدا.

 

ئاڤان بەردەوام دەبێت لەو ژیانەی بەزۆر بۆیان هەڵبژارد، دوای ماوەیەک ئاڤان دووگیان دەبێت بە منداڵێک، بەڵام بەردەوام لەلایەن هاوژینەکەیەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، دوای ماوەیەک و تێپەڕبوونی ٨ ساڵ لە ژیان لەگەڵ خێزانی ئەو پیاوەی شووی پێکردبوو لە ماڵێکدا، ئاڤان داوای ماڵێکی سەربەخۆ دەکات لەگەڵ هاوژینەکەیدا، بۆیە دەڕواتە یەکێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ ئەوەی داوای مافی خۆی بکات، بەڵام بەهۆی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییەی هاوژینەکەی هەیەتی، ئەمەی پێ قبوڵ ناکرێت و لە ئاڤان جیا دەبێتەوە، دووبارە لەلایەن خێزانی ئەو پیاوەوە زوڵمێکی گەورەی لێ دەکرێت و بە هەمان شێوەی، دابڕانی ئاڤان و دایکی، ئاڤان و منداڵەکەشی لەیەکدی دادەبڕێن و ناهێڵن منداڵەکەی ببینێت، بۆیە ئاڤان دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ لای خوشکەکەی و باپیری.

 

ئاڤان لە پشتەوە سووتێنرابوو

نوژنها لە چەندین سەرچاوەوە زانیارییەکانی کۆکردووەتەوە، بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان، ئاڤان لە هەردوو ژیانەکەیدا بەردەوام توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و دەشکێنرێتەوە، دوور لە سۆز و بینینی دایکی، بێ داپیرەیی، بێ منداڵی و بێ کەمترین ڕێز لەو ماڵەدا کە تیای دەژی، سەرەڕای هەڵسوکەوتی خراپی باپیری لەگەڵ خوشکەکەیدا ژیان تێدەپەڕێنن، تا ڕۆژی ٢٤ی تەمموزی ئەمساڵ-٢٠٢٣ و کاتژمێر ١٢ی شەو هەواڵی سووتاندنی ئاڤان بڵاودەبێتەوە و لەلایەن دراوسێکانیانەوە ئاگرەکەی ئاڤان دەکوژێنرێتەوە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە.

 

دوای مانەوەی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە ٢٧ تەمموزدا هەواڵی گیان لەدەستدانی ئەم ژنە گەنجە بێنازە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەهەژێنێت، بە پێی زانیاریییەکانی پۆلیسی گەرمیان باپیری ئاڤان دەستگیرکراوە و گومان دەکرێت ئەو دەستی هەبووبێ لە سووتاندنی، چونکە ئاڤان لە پشتەوە سووتێنراوە و لە یەکەم دانپێدانانیدا پێش گیان لەدەستدانی ئاماژەی بەوەکردوە کە باپیری سووتاندویەتی.

 

دەبێت خوشکەکەی ژیانی چۆن بێت؟

چیرۆکی ئاڤان یەکێکە لەو هەزاران چیرۆکەی بەهۆی جیابوونەوەی خێزانەکان و بەزۆربەشوودانەوە ڕۆژانە دەیبینین، کێشەی کۆمەڵایەتی و دوژمنداری و عەشیرەتگەرایی یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی گیان لەدەستدانی ئاڤان و چەندین ژنی دیکە، ئاڤان گیانی لەدەستدا، بەڵام ئایا، ژیانی خوشکە بچووکەکەی ئاڤان دەبێت چۆن بێت و داهاتوویەکی چۆن چاوەڕێی دەکات؟