"ئێمە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بە وەڵامێک بۆ ڕاپەڕینی ژنان دەزانین"

بۆ پشتیوانی لە پەخشان عەزیزیی زیندانی سیاسیی، حەوت زیندانی سیاسی پەیوەندیدار بە سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی ڕایانگەیاند: سزای لەسێدارەدان بۆ ئەم چالاکوانە کە یارمەتیی قوربانیانی دەستی داعشی بە بێ ئامانج داوە، بە ڕەوا نابینین.

ناوەندی هەواڵ

 

حەوت زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران، پەیوەست بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، نامەیەکیان بڵاوکردەوە و ناڕەزایەتییان دژ بە سزای لەسێدارەدان و پاڵپشتی خۆیان بۆ پەخشان عەزیزی دەربڕیوە، ئەم سزایەشیان بە "وەڵامی ڕاپەڕینی ژنان" بەناوکرد.

 

لە بەشێکی نامەکەدا ئەو ژنە زیندانییانە ئاماژەیان بەوە کردووە، دابینکردنی هاوکاری بۆ قوربانیانی شەڕ تاوان نییە. بوون لە ناوچە جەنگییەکان و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ژنان و منداڵان و ڕەچاوکردنی مەترسییەکانی بوون لە ناوچەگەلێک کە لەلایەن هێزەکانی داعشەوە گەمارۆدرابوون، جێگەی دەستخۆشییە. وەڵامی هاوکارییەکان سزای لەسێدارەدان نییە.

 

ئەم نامەیە لەلایەن ڕیحانە ئەنساری، گۆڵروخ ئیرایی، ساکینە پەروانە، ناهید خوداجو، نەسرین خزری جەوادی، وریشە مورادی، مریەم یەحیوی، هاوزیندانییانی پەخشان عەزیزی بڵاوکراوەتەوە.

 

دەقی نامەکە بەم شێوەیەیە:

یارمەتیدانی قوربانیانی شەڕ تاوان نییە.

 

بوون لە ناوچە جەنگییەکان و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ژنان و منداڵان و ڕەچاوکردنی مەترسییەکانی بوون لە ناوچەگەلێک کە لەلایەن هێزەکانی داعشەوە گەمارۆدرابوون، جێگەی دەستخۆشییە. وەڵامی هاوکارییەکان سزای لەسێدارەدان نییە.

 

نزیکەی ساڵێکە پەیوەندیمان لەگەڵ پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکوانی بواری ژنۆلۆژی هەیە.

 

دوای بەرگەگرتنی چەند مانگێک لە زیندانی تاکەکەسی و لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان، چووە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین و لە مانگی تەمموزەوە، لە دادگادا بۆ دادگاییکردن، بەبێ ئەوەی لە ڕۆژانی پێش دادگاییکردنەکەدا لەگەڵ پارێزەرێک کۆببێتەوە و بەبێ ئەوەی دەرفەتی ئەوەی هەبێت بەرگری لە خۆی بکات، بە تۆمەتی درۆ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

 

نزیکەی پێنج مانگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزەران و خێزانەکەی بێبەش بووە. ئێستاش کە دۆسیەکە ڕەوانەی دادگا کراوە بۆ پێداچوونەوە، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران و دەرفەتی ڕاوێژکردن لەگەڵیان لێ زەوت دەکرێت.

 

پەخشان ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی خۆی لە کامپەکانی ئاوارەکانی جەنگدا بەسەر بردووە و یارمەتی ئەو ژن و منداڵانەی داوە کە لە شەڕ و هێرشەکانی داعش ڕزگاریان بووە، دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران و بنەماڵەکەی، لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی دەستگیر دەکرێن.

 

دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ هاوکاریکارێک کە یارمەتی لێقەوماوانی داعشی دەدا -کە کۆماری ئیسلامی خۆی بانگەشەی شەڕی دژی دەکات- و گوشاری زیاتر بۆ سەر خۆی و بنەماڵەکەی بە سنووردارکردنی لە زیندان و زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی، ئێمە بە بێ ئامانج نایبینین.

 

ئێمە نیگەرانین لە دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارە. هەروەها ئێمە وەک وەڵامێک بۆ ڕاپەڕینی ژنان لە دژی ئەوەی بە نادادپەروەرانە بەسەریاندا سەپێنراوە، بە سزایەک دەزانین.

 

کاردانەوەتان پێش ئەوەی درەنگ بێت، دەتوانێت ئەنجامگیر بێت.