پانێڵێک لە بارەی بەرگری لە خاک و ژیان بەڕێوەچوو

لە پانێڵێکدا بە بەشداری ژنانی کورد و عەرەب، باس لە بەرگری لە خاک و ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا، کە ژنان دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی تیادا ببینن.

ناوەندی هەواڵ

 

پەیمانگای بەرەوپێشبردنی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان IPES لە هەرێمی باسک، فێستیڤاڵی ساڵانە بە چالاکی جۆراوجۆری هزری، هونەری و کولتووری ڕێکدەخات، ئەمساڵیش پانێلێکیان لە بارەی بەرگری لە خاک و ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەبرد، کە ئەو پانێڵەش بەشێک بوو لە سوڕی پاراستنی دەنگەکان و دیدی تێکۆشەرانە کە لە نیوەی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو.

 

پانێڵەکە لە ناوەندی کتێبخانەی ژن سەر بە پەیمانگاکە بە بەشداری زیاتر لە ٦٠ کەس دەستی پێکرد، هەریەک لە خالیدیە ئەبوبەکری فەلەستینی، ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی فەلەستینی ئەلکەرامە و سامیدون، نیلوفەر سابیری چالاکوانی ئێرانی بۆ مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی مافەکانی ژنان و نەجیبە قەرەداغی لە ئاکادیمیای ژنۆلۆژی بەشداری پانێلەکە بوون.

 

لە پانێڵەکەدا باس لە دیدی ژنان لەبارەی قەیرانەکانی سەردەم و کاریگەری زهنیەتی پیاوسالاری، دەوڵەت و دەسەڵاتداری و سەرمایەداری لە ژیان و  کۆمەڵگە کرا، کە زهنیەت دەیەوێت بە بەرهەمهێنانی چەک و هەڵگیرسانی شەڕ و کۆچبەرکردن لەسەر پێ بمێنێتەوە و تاکە ڕێگەش بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی و دیموکراتی و بە پێشەنگی ژنان بینرا، کە ڕۆڵی ژنان و پێشەنگیان لە رێکخستنکردن و پاراستنی کۆمەڵگەدا بە گرنگ بینرا بۆ چارەسەرکردنی قوڵترین ناکۆکی مێژوویی کە ناکۆکی ڕەگەزییە.

 

ژنان چارەسەری بۆ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخەنەڕوو

لە پانێڵەکەدا خالیدە ئەبوبەکر باسی دۆخی هەنوکەیی فەلەستین و ئەو قەیرانەیکرد کە لە ئەنجامی شەڕ و کۆچبەری و داگیرکاریی ڕووبەڕووی دەبنەوە و ئاماژەی بە گرنگی ڕاوەستاندنی شەڕ و وتی: ستراتیژی هێزەکانی هەژموونی داماڵینی کۆچبەرکردنی گەلانی خۆجێی لەسەر خاکی خۆیان و پێکهێنانی پرۆژە سیاسی و ئابورییەکانیان، باشترین چارەسەری یەکگرتنی گەلانە.

 

نیلوفەر سابیرییە ئاماژەی بە دۆخی ژنان لە ئێران کرد و وتی: شۆڕشی "ژن، ژیان،ئازادی" تەقینەوەیەکی گەلان بوو بەڕووی ڕژێمی ئێراندا، کە ئیسلام وەک ماسکێک بەکاردێنێت بۆ خەڵەتاندن، مێژووی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران مێژووی کوشتن، سێدارە و چەوساندنەوەی گەلان و ژنانە.

 

نەجیبە قەرەداغی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لە دیدی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستانەوە ڕاڤە کرد و وتی: ئەوەی لە هەرێمەکەمان دەقەومێ شەڕی سێیەمی جیهانە و شەڕی دوو پارادایمە، پارادیمی دەوڵەت، پیاوساریی و سەرمایەداری لەلایەک و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لەلایەکی تر، لە کاتێكدا لە بەرامبەر گەلان هەموو جۆرە چەک، گوشار، ستەم بەکاردەهێنرێت، بەڵام لەلایەکی تر بەرخۆدانێک لە ئاستی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیک هەیە کە ژنان پێشەنگی دەکەن و لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا لە جیهاندا بەرجەستە بوو و بووە هیوا بۆ تەواوی گەلانی بندەستی جیهان، ئەمڕۆش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین یەک چیرۆک نییە کە تەنیا چیرۆکی قوربانیبوون بێ، بەڵکو چیرۆکی بەرخودان و شۆڕشی ژن هەیە.

 

نەجیبە قەرەداغی ئاماژەی بە گرنگی خۆرێکخستن و خۆپاراستنی ژنان و گەلان کرد و وتی: بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان شۆڕشێکیان لەناو شۆڕشدا بەرپاکردووە، ڕێبەر ئۆجالان بە فەلسەفە و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی دەرفەتێکی گەورەی بۆ ئازادی کردەوە، ئەو شەپۆلەی شۆڕش کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردوستان و ئێرانەوە بەرەو ئاستێکی گەردوونی پەرەیسەند، نیشانەی ئەوەیە کە تەنیا وشیاری نەتەوەیی و چینایەتی بەس نییە، بەڵکو وشیاری ڕەگەزی بۆ وەڵامدانەوەی قوڵترین ناکۆکی مێژوویی دەتوانێت چارەسەر ئامێز بێت بۆ هەموو ناکۆکیەکانی تر و کۆکەرەوەی هەموو ڕەنگەکان بێت، وەک چۆن لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ڕوویدا.

 

بۆ زانین؛

پەیمانگای بەرەوپێشبردنی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان IPES دامەزراوەیەکە لە دوای دیکتاتۆرییەتی فرانکۆ لە ئیسپانیا دامەزراوە، بە ئامانجی فراوانکردنی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە، دوای وەرگرتنی بەخشینێکی ٤٠٠ کتێبی تایبەت بە توێژینەوەی ڕەگەزیی (جێندەر) و فێمینیزم لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە، دەستیان کرد بە بیرکردنەوە لە دروستکردنی کتێبخانەیەکی تایبەتمەند لەسەر ئەم بابەتە.

 

ناوەندی بەڵگاندن-کتێبخانەی ژنان لە دامەزراوەی IPES (CD-BM) لە ٨ی ئازاری ١٩٨٥ لە شاری ئیرونا (هەرێمی نافاروا) کرایەوە بە ئامانجی دروستکردنی جێیەک کە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە توێژینەوەکانی ژنان کۆبکاتەوە و دواتر بەرهەمەکانی ژنان بۆ بەردەستی ژنان بکاتەوە. دامەزراندنی ئەم ناوەندە بۆ دەستڕاگەیشتنی ژنان، خوێندکاران، توێژەران، گروپەکان و خەڵکی گشتی بە بەرهەمی ژنان، کارێک سیستەماتیکە و هەموو ساڵێک بە فستیڤاڵێکیش چالاکیەکانی ئەنجام دەدات، کە مەبەست لێی بەشداری ژنانە لە بوارەکانی هزر، هونەر و کولتوور؛ هەروەها بۆ ئەوەی دۆخی ژنان و فرەڕەنگیان بناسرێت.