٪١ی بودجەی ژنان بۆ ساڵی داهاتوو لابرا

بەپێی بڕیارنامەی ساڵی ڕابردووی وڵاتی ئێران ٪١ی بودجە بۆ ژنان تەرخانکرابوو، بەڵام ئێستا لە پڕۆژەیاسای بودجەی ١٤٠٣ لابراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی میدیا ناوخۆییەکان بڵاویان کردۆتەوە، لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا، ١٤٠٣ی هەتاویی، ٪١ی بودجەی ژنان و خێزان لابراوە.

 

فاتمە قاسم پوور، سەرۆکی فراکسیۆنی ژنان و خێزان وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نووسیویەتی: هیچ بودجەیەک لەم بوارەدا لە بەشەکانی دیکەدا نەبینراوە.

 

بەپێی بڕیارنامەی ساڵی ڕابردوو، بڕیار بوو ٪١ لە بودجەی تایبەت بە ژنان لە حاڵەتەکانی وەک بەهێزکردنی ژنانی سەرۆکی ماڵەکان، بەهێزکردنی کچانی بریندار و لاواز، کارگێڕی ژنان، تەندروستی و وەرزشی ژنان، ڕاوێژکاری خێزان و شتی تری پەیوەندیدار بەخۆیەوە بەکاربهێنرێت.

 

لە کاتێکدا حکومەت بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ٪١ لە بودجە بۆ ژنان تەرخان دەکات، بەڵام لە زۆر حاڵەتدا بەهۆی نەبوونی بودجەوە چالاکییەکانی ژنان ئاستەنگیان بۆ دروست بووە یان بە هیچ شێوەیەک چالاکی نەبووە، لەوانەش لە بواری وەرزشدا، کە بەشداری ژنان لە پێشبڕکێ جۆراوجۆرەکاندا چەندین جار ڕەتکراوەتەوە بەهۆی نەبوونی بودجەوە.