بەهۆی ژەهراویبوونی خوێندکارانەوە... خێزانەکانی ئێران ترسیان لە ناردنی کچەکانیان هەیە بۆ قوتابخانە

ئەو خێزانانەی کە شایەتی هێرشی کیمیایی بوون بۆ سەر خوێندنگەکانی کچەکانیان، یان تەنانەت ئەو خێزانانەی کە هەواڵەکەیان بیستووە، دەترسن کە کچەکانیان بنێرنە خوێندنگە.

سایدا شێرزاد

 

سنە- هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر خوێندنگەکانی کچان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی ڕاپەڕینی ژینا ئەمینی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی خۆپیشاندان لەلایەن گەنجانەوە بەتایبەتی ژنان و کچان، نیگەرانی خێزانەکان و خوێندکارانی لێکەوتەوە.

 

لە ماوەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەدا کە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکرد، حکومەتی ئێران هەوڵیدا تۆڵە لەو ژنانە بکاتەوە کە ڕۆژانە خۆپیشاندانیان دەکرد، ئەویش لە ڕێگەی زنجیرەیەک هێرشی سیستماتیکی بۆ سەر خوێندنگەکانی کچان لە سەرانسەری ئێران.

 

"خوێندکارانی کچ وازیان لە خوێندن هێنا"

سەبارەت بە هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر خوێندنگەکان و ترسی خێزانەکان دەربارەی ئەمە، "ک.ب" دەروونناس وتی: زۆرێک لەو خێزانانەی کە لە نزیکەوە ئەم تاوانەیان بینیووە ترسیان لە دووبارەکردنەوەی ئەم ڕووداوە هەیە و تەنانەت هەندێک خێزانیش هەنگاویان بەرەو پێشەوە هێناوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە منداڵەکانیان بکەن بچنە خوێندنگە، ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە حکومەت هەوڵی بڵاوکردنەوەی نەزانی و نەخوێندەواری دەدات لەنێو ژناندا بە وازهێنان لە خوێندن، چونکە ژنانی نەزان مافەکانی خۆیان نازانن و لە ئەنجامدا دژی یاساکانی پیاوسالاری خۆپیشاندان ناکەن.

 

"ژنان لە کۆمەڵگە دوور دەخرێنەوە"

لە لایەکی دیکەوە، "ب.ر" کۆمەڵناس پێیوایە کە هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر خوێندنگەکانی کچان ئامانجی حکومەتە بۆ ناچارکردنی ژنان بۆ مانەوەو وتی: کچان ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بوونەتەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە بەهۆی ئاژاوەی سیاسییەوە و بە مەبەست بە گازی ژەهراوی و ژەهراوی کراون، ئەمەش ئامانجی حکومەتە کە هێرش بۆ سەر خوێندنگەکان دەکات و بەم شێوەیە لە کۆمەڵگە دووریان دەخاتەوە.

 

وتی: هەندێک لە کۆمەڵناسان ئەم هێرشانە بە جۆرێک لە هیستریای بەکۆمەڵ دادەنێن و لە کاتێکدا هەموو شارەکان لەگەڵ فشار و دڵەڕاوکێدا دەژین، هێرشی کیمیایی بۆ سەر خوێندنگەکان جۆرێکە لە نیگەرانییەکی بەکۆمەڵ کە لە سەرانسەری ئێراندا دروستبووەو وای لە کچان کردووە لە کۆمەڵگە بکشێنەوە.

 

"هێشتا نیگەرانی لەدەستدانی کچەکەمم"

"س.ب" دایکی یەکێک لەو خوێندکارانەی کە ژەهراوی بووە وتی: ئەو ڕۆژەی بۆم دەرکەوت هێرشکرایە سەر قوتابخانەی کچەکەم، ئەوەندە خێرا گەیشتمە ئەوێ کە هەرگیز لەبیری ناکەم.

 

"ح.ش" دایکێکی دیکەی یەکێک لە خوێندکارەکان وتی: لە ساڵی ڕابردووەوە نیگەرانم لە کردنەوەی خوێندنگەکان، هەموو ساتێک بیر لە کردنەوەی خوێندنگە دەکەمەوە، ترس لە ناخمدا دروست دەبێت و هەندێک جار دەبێتە هۆی هێرشی ترسناک، ئەو ڕۆژەی کچەکەمم هێنا بۆ نەخۆشخانە نیگەران بووم لەدەستی بدەم، ئەو نیگەرانییە هێشتا بەردەوامە.