سلێمانی، یەکەم ساڵیادی شۆڕشی ژینا بەرز ڕاگیرا

 لە درێژەی ئەو چالاکیانەی بۆ ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و کوشتنی ژینا ئەمینی ئەنجامدەدرێت، ناوەندی کولتووری ژینا یەکەم ساڵیادی شۆڕشی ژینای بەرز ڕاگرت.

سلێمانی


دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوەندی کولتووری ژینا لە شاری سلێمانی چالاکییەک بۆ یەکەم ساڵیادی شۆڕشی ژینا لە لایەن ئەندامانی ئەو ناوەندەوە ڕێکخرا و بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان چالاکییەکە دەستی پێکرد.

 

لە چالاکییەکەدا کە وێنەی ژینای تیادا نمایشکرابوو، سینەفزیۆنێک لەسەر شۆڕشی ژینا پێشکەشکرا.


دواتر بانوو هەڵەبجەیی، چالاکوان، لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ژنان بە درێژایی مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی شۆڕشیان داوە، بەڵام هاتنە سەر تەختی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکان دەنگی ژنانی کپ دەکرد، ئەمە زۆری نەخایاند و ژنان بە فکرێکی جیاوازەوە و بە بۆنەی شەهیدکردنی ژیناوە ڕژانە سەر شەقام، ژینا ئەمینی وای لە تاکەکانی کۆمەڵگە کرد سیستەمی پیاوسالاری ڕەت بکەنەوە، بۆیە شۆڕشی ژینا بۆ هەموو گەلێکی چەوساوەیە، ئێمەش دەبێت درێژە پێدەری ئەو شۆڕشە بین تا مافەکانمان بەدەست بهێنین.


لە درێژەی چالاکییەکەدا ئەلبومی بەشێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا پێشاندرا لەگەڵ پارچەیەک موزیک کە بۆ مەرگی ژینا ئەمینی وترابوو.

 

"پەیامی شۆڕشی ژینا درێژە پێدانیەتی"
دیدار شەهلا، بەڕێوبەری ناوەندی کولتووری ژینا ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە بڕیارماندا یادی شۆڕشی ژینا بکەینەوە، نەک وەکو ماتەم، بەڵکو وەکو یادی بەرزراگرتنی ئەو شۆڕشەی کە لە هەناوی کۆمەڵێک کەسی زوڵم لێکراوەوە سەری هەڵدا، ئەم شۆڕشە لە ناخی ئەو ژنانەوە بوو کە ئازادیان دەوێت، ژنانی ڕۆژهەڵات بوونەتە جێگەی شانازی بۆ ژنانی باشوور و توانیویانە گۆڕانکارییەک دروست بکەن، پەیامی ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە دەبێت یەکگرتوو بین و درێژە بەم شۆڕشە بدەین تا دەگەینە ئامانج.